کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

سێناتۆر کاتن: ڕێژیمی ئێران لە لاوازترین ئاستی خۆی لە چەند دەیەی ڕابردوودایە

14:52 - 22 خەرمانان 2726

تام کاتن، سێناتۆری کۆماریخواز و بەرپرسی کۆمیتەی ئیتلاعاتی سێنای ئەمریکا، ڕایگەیاند کە سیاسەتەکانی ترامپ و گەمارۆدانی دەریایی و ئابووری، ڕێژیمی ئیسلامیی ئێرانیان گەیاندووەتە لاوازترین ئاستی خۆیان لە چەند دەیەی ڕابردوودا.

سێناتۆر کاتن جەختی کردەوە کە کۆماری ئیسلامی بۆ ماوەی ٤٧ ساڵە هەڕەشە لە ئەمنییەتی جیهان دەکات، بەڵام گوشاری ئێستای واشنگتۆن شادەمارەکانی دەسەڵاتی تارانی پەک خستووە.

ئەم لێدوانانە هاوکاتە لەگەڵ توندتربوونی ئۆپەراسیۆنی "گۆشەگیرکردنی ئابووری" لەلایەن وەزارەتی خەزێنەداری ئەمریکاوە کە ئامانجی بڕینی تەواوی سەرچاوە داراییەکان، ڕێگری لە قاچاغی نەوت و سەپاندنی سزای نوێیە بەسەر تۆڕەکانی پاڵپشتیی "کەتائیبی حیزبوڵڵا" و حزبوڵڵای لوبناندا.

سکات بێسێنت، وەزیری خەزێنەداریی ئەمریکا ڕایگەیاند ئەم ئۆپەراسیۆنە ئەو کەسانە دەکاتە ئامانج کە هێشتا پاڵپشتی لە "حکوومەتی شکستخواردووی ئێران" دەکەن.

ناوبراو ئاماژەی بەوەش کرد کە ئەمریکا تۆڕەکانی دابینکردنی دارایی، سپیکردنەوەی پارە و دەوردانەوەی سزاکانی کۆماری ئیسلامی لە سیستەمی دارایی ئەمریکا دەبڕێت.