وەرگەڕانی ماشینێکی هەڵگری کرێکارانی وەرزی لە ڕێگای میراوا بۆ پیرانشار بووە هۆی برینداربوونی ١٦ کرێکار؛ ڕووداوێک کە جارێکی دیکە مەترسیی کواڵێتیی نزمی ماشین و خراپیی کارەساتباری ڕێگاوبانەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستانی خستووەتە ڕوو.
بەیانیی ڕۆژی شەممە ٢١ی خەرمانان، ماشینێکی جۆری تۆیۆتا کە کرێکارانی وەرزیی کەرتی کشتوکاڵی دەگواستەوە، لە پێچی "کانی شینکە" لە ڕێگەی میراوا- پیرانشاردا کۆنتڕۆڵی لەدەست دا و وەگەڕا.
لەم ڕووداوەدا ١٦ کرێکار کە چەند کەسیان ژن بوون بەسەختی بریندار بوون و بۆ وەرگرتنی چارەسەری پزیشکی ڕەوانەی نەخۆشخانە کران.
ئەم کارەساتە لەکاتێکدایە کە نەبوونی کوالێتی و ستاندارد لە کەرتی گواستنەوە، هاوشانی جێبەجێنەکردنی پڕۆژەکانی چاککردنەوەی ڕێگاوبانەکان لەلایەن بەرپرسانی ڕێژیمەوە، ڕۆژانە گیانی هاووڵاتییان و چینە زەحمەتکێشەکانی کوردستان دەخاتە مەترسیی جیددییەوە و ڕێگە و جاددەکانی ناوچەکەی بەکردەوە کردووەتە قوربانگە.