کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

ڕۆیتێرز: گەمارۆی دەریایی ئەمریکا هەناردەکردنی نەوتی ئێرانی گەیاندووەتە نزیک لە سفر

10:09 - 11 خەرمانان 2726

گەمارۆی دەریایی ئەمریکا بۆ یەکەم جار لە مێژوودا ڕەوتی هەناردەکردنی نەوتی ئێرانی لە گەرووی هۆرمۆزەوە بۆ چین گەیاندووەتە ئاستی سفر و شوێنەواری وێرانکەری لەسەر ئابووریی تاران داناوە.

بەپێی ڕاپۆرتی هەواڵدەریی "ڕۆیتێرز" کە پشت بە ئامارەکانی کۆمپانیاکانی "کێپلێر" و "وێرتێکسا" دەبەستێت، جێبەجێکردنی گەمارۆی دەریایی لەلایەن هێزی دەریایی ئەمریکاوە ماوەی حەوت حەفتەیە ڕێگەی نەداوە هیچ بارێکی نوێی نەوتی ئێران بگاتە دەست چین کە کڕیاری سەرەکیی تارانە.

ئەمە لەکاتێکدایە کە هەناردەی نەوتی ڕێژیم لە ٢ میلیۆن بەرمیلی ڕۆژانەوە بۆ نزیکەی ٢٠٠ هەزار بەرمیل دابەزیوە.

شرۆڤەکارانی ئابووری جەخت دەکەنەوە ئەم خنکاندنە دەریاییە زیانێکی بێوێنەی بە سەرچاوەی دراوی بیانیی ئێران گەیاندووە و ڕێژیم ناچار دەکات بۆ دابینکردنی بوودجە پەنا بباتە بەر چاپکردنی پارە، کە ئەوەش هەڵاوسان بەرز دەکاتەوە.

سندووقی نێودەوڵەتیی دراو ڕێژەی هەڵاوسانی ئێرانی لەم ساڵدا بە نزیکەی ٧٠٪ خەمڵاندووە؛ ئامارێک کە دوای ڤێنێزوئێلا و سوودان، بە سێیەم بەرزترین ڕێژەی هەڵاوسان لە جیهاندا ئەژمار دەکرێت.

وەزارەتی خەزێنەداریی ئەمریکاش ڕایگەیاندووە ئەم ئۆپەراسیۆنە تا کاتی دەسبەرداربوونی تاران لە بەرنامە ئەتۆمییەکەی و ملکەچبوونی بۆ مەرجەکانی واشنگتۆن بەردەوام دەبێت.