لە دوای چەندین مانگ لە دەسبەسەرکرانی سەرەڕۆیانەی چەند بەندکراوێکی کورد، زانیارییەک لەسەر چارەنووسیان لەبەر دەستدا نییە و هاووڵاتییەکی قوروەیی و لە دەسبەسەرکراوانی ناڕەزایەتیی مانگی بەفرانبار سزای قورسی بەسەردا سەپێندرا و لاوێکی سنەیی بەo جێبەجێکردنی سزاکەی، ڕەوانەی بەندیخانە کرا.
بەپێی ڕاپۆرتی ڕێکخراوی مافی مرۆیی کوردپا، بە تێپەڕبوونی ٦ مانگ و ٦ ڕۆژ بەسەر دەسبەسەرکرانی سەرەڕۆیانە و توندوتیژانەی «شێخ زاهید شەهابی»، زندانیی سیاسیی پێشوو و یەکێک لە کەسایەتییە ئایینییەکانی کوردستان، دوای چەندین مانگ دەسبەسەری، لێکۆڵینەوە و ڕاگرتن لە ژوورە تاکەکەسییەکان و دابڕگەی زیندانی قوروەوە بۆ یەکێک لە بەندەکانی زیندانی ناوەندیی سەقز گوازراوەتەوە.
تا ئێستا هیچ بڕیارێک بۆ ئازادکردنی کاتیی ئەو دەرنەچووە و هێشتا لە دۆخێکی نادیاردا بەسەر دەبات و لە مافی دەستڕاگەیشتن بە پارێزەر و چاوپێکەوتن لەگەڵ بنەماڵەکەی بێبەش کراوە.
هەروەها بەپێی ڕاپۆرتی کوردپا، بە تێپەڕبوونی ٤١ ڕۆژ بەسەر دەسبەسەرکرانی «بەهمەن مودیرزادە»، هاووڵاتیی کوردی خەڵکی کۆتۆل و ئەندامی شۆرای شاری ئەو شارە کە لە پێوەندی لەگەڵ دژایەتیکردن لەگەڵ لەسێدارەدان ستۆرییەکی لە لاپەڕەی ئینستاگرامەکەی بڵاو کردبووەوە، دوای دەسبەسەرکردن و لێکۆڵینەوە لە یەکێک لە گرتنگەکانی شاری خۆی ڕاگیراوە.
بەپێی ڕاپۆرتی ئەنجومەنی زیندانییە سیاسییەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان، ئارتین ڕۆستەمی، لاوی تەمەن ١٩ ساڵانی خەڵکی شاری سنە کە پێشتر لە ڕەوتی ناڕەزایەتییەکانی مانگی بەفرانباردا دەسبەسەر کرابوو، بۆ جێبەجێکردنی سزای بەندکردنەکەی دەسبەسەر و ڕەوانەی بەندیخانەی گەورەی تاران (فەشافوویە) کرا.
هەروەها بەپێی ڕاپۆرتی ڕێکخراوی مافی مرۆیی هەنگاو، ئەمیر خالدیان، هاووڵاتیی کورد و خەڵکی قوروە و لە دەسبەسەرکراوانی ناڕەزایەتییەکانی بەفرانبار، لەلایەن دەزگای بەناو دادوەریی کۆماری ئیسلامیی ئێرانەوە بە گشتی بە ٥ ساڵ و ٦ مانگ بەندکردن و دوو ساڵ دوورخستنەوە بۆ میناب مەحکووم کرا.