سکات بەسێنت، وەزیری خەزێنەداریی ئەمریکا ئاشکرای کرد کە ئۆپەراسیۆنی گوشاری ئابووری بۆ سەر تاران سەرکەوتنی بەدەست هێناوە، چونکە پشتیوانیی سەربازی و گەمارۆی دەریایی لەپشتە و ئامانج لێی ناچارکردنی ئێران بۆ وتووێژە.
سکات بێسێنت لە پەراوێزی کۆبوونەوەی وەزیرانی دارایی گرووپی ٢٠ لە کارۆلاینای باکوور ڕایگەیاند، سزاکان بە تەنیا کاریگەر نییە، بەڵام سزاکان هاوشانی گەمارۆی دەریایی و پەلاماری سەربازی ئەنجامی خێرا و کاریگەریان هەبووە.
ناوبراو ئاماژەی بەوە کرد کە وەزارەتی خەزێنەداری دەسەڵاتی نوێی لە بوارەکانی دراوی دیجیتاڵی، فڕۆکەوانی و دەریاییدا بەکار هێناوە بۆ چڕکردنەوەی گوشارەکان.
وەزیری خەزێنەداری ئەمریکا جەختی کردەوە ئەم دەستکەوتە ئابوورییانە بەبێ ئۆپەراسیۆنی سەربازیی سەرەتایی جێبەجێ نەدەبوون، کە تێیدا هێزی دەریایی، ئاسمانی، مووشەکی و دڕۆنیی ئێران لەگەڵ ٨٥٪ تا ٩٠٪ی کارگەکانی دروستکردنەوەیان تێکشکێنراون.
بێسێنت ئاماژەی بە دابەزینی بێێوێنەی بەهای ڕیاڵی ئێرانی لە ٨٠٠ هزار ڕیاڵەوە بۆ زیاتر لە ٢ میلیۆن ڕیاڵ بەرانبەر بە هەر دۆلارێک کرد و ڕایگەیاند ئامانجی دەوڵەتی ئەمریکا خنکاندنی ئابووریی ڕێژیمی ئێران و گەڕاندنەوەی تارانە بۆ سەر مێزی وتووێژ.