لە دوای هێرشی بەربڵاوی ئەمریکا بۆ سەر بنکەکانی سپای تێرۆریستیی پاسداران لە پارێزگاکانی باشووری ئێران لە شەوی ڕابردوودا، هێزە چەکدارەکانی ڕێژیمی تاران بە مووشەک و دڕۆن هێرشیان کردە سەر شوێنی نیشتەجێبوونی خەڵکی ئاسایی وڵاتانی ناوچەکە و بنکەکانی ئەمریکا.
میدیاکانی سەر بە سپای پاسداران ڕایانگەیاند کە، بنکەی سەربازیی هێزەکانی دەریایی ئەمریکا ناسراو بە کەمپ تیتین لە کەناراوەکانی کەنداوی عەقەبە لەنێو خاکی ئۆردۆنیان بە مووشەکی بالستیک کردووەتە ئامانج.
ئەو میدیایانەی ڕێژیم باسیان لە کوژرانی ژمارەیەک لە هێزەکانی ئەمریکا کردووە.
ئەرتەشی ئۆردۆن جەختی کردەوە: هێرشەکە هیچ زیانێکی گیانی لێنەکەوتووەتەوە.
هەروەها هێزە چەکدارەکانی ئۆردۆن ڕایانگەیاند: سیستەمەکانی بەرگریی ئاسمانیی وڵاتەکەیان ١٠ مووشەکی بالستیکی ڕێژیمیان لە ئاسماندا تێکشکاندووە و ٣ مووشەکی دیکەش لە ناوچەیەکی چۆڵدا کەوتوونەتە خوارەوە.
ئەو هێزەی ڕێژیم باسی لەوە کردووە کە لە هێرشێکی چڕی مووشەکی بالستیکیی دیکەدا، بنکەی ئاسمانیی شازادە حەسەنیان لە ئۆردۆن کردووەتە ئامانج.
هەروەها ئەرتەشی کوەیت ڕایگەیاند: "سیستەمەکانی بەرگریی ئاسمانیی وڵاتەکەمان چەند هێرشێکی دڕۆنیی ئێرانیان تێکشکاندووە".
هاوکات سپای تێرۆریستیی پاسداران بە چەند دڕۆن بنکەی سەربازیی شێخ عیسای ئەمریکایان لە بەحرین کردووەتە ئامانج.
هاوکات فەرماندەیی گشتیی هێزی بەرگریی بەحرەین ڕایگەیاند، سیستەمی بەرگریی ئاسمانیی ئەو وڵاتە چەند هێرشێکی مووشەکی و درۆنیی ڕێژیمی ئێرانیان تێکشکاندووە کە هاووڵاتییانی مەدەنییان کردبووە ئامانج.
هەروەها هێزە چەکدارەکانی ڕێژیمی ئێران بنکەی ئاسمانیی موفەق سەڵتی ئۆردۆنیان بە مووشەک کردەوە ئامانج.
بەپێی زانیارییەکان، زۆربەی هێرشەکانی ڕێژیمی ئێران لە شەوی ڕابردوودا بەبێ ئەوەی ئامانجەکانیان بپێکن، تێکشکێندراون.
شایانی باسە ڕێژیمی کۆماری ئیسلامی جارێکی دیکە هەرێمی کوردستان و شوێنی نیشتەجێبوونی بنەماڵەکانی حیزبی دێموکراتی بە ١٠ دڕۆن کردەوە ئامانج و بە خۆشییەوە، زیانی گیانی بەدواوە نەبووە.