کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

دەستدرێژییە دوژمنکارانەکانی ڕێژیمی کۆماری ئیسلامی بۆ سەر خاکی هەرێمی کوردستان بەردەوامە

10:58 - 11 خەرمانان 2726

لە درێژەی هەوڵە تێرۆریستییەکانی ڕێژیمی کۆماری ئیسلامی دژ بە خاکی هەرێمی کوردستان، شەوی ڕابردوو سپای تێرۆریستیی پاسداران بۆ جارێکی دیکە و لە هێرشێکی دوژمنکارانەی دیکەدا، خاکی هەرێمی کوردستانی بە زیاتر لە ١٠ دڕۆن کردە ئامانج کە بەشێکیان بۆ سەر شوێنی نیشتەجێبوونی بنەماڵەکانی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران بووە.

دژەتیرۆری کوردستان ڕایگەیاند: "سەرلەبەیانیی ئەمڕۆ چوارشەممە ١١ی خەرمانان، لە کاتژمێر ١ و ٣٠ خولەک تاکوو ٣ و ٣١ خولەک، هێزەکانی هاوپەیمانان ١٠ دڕۆنیان لە سنووری ئاسمانیی پارێزگای هەولێر خستنە خوارەوە، بە خۆشییەوە هیچ زیانێکی گیانییان لێ نەکەوتەوە".

هاوکات لە کاتژمێر ٢ بۆ ٢ و ٤٠ خولەکی بەرەبەیانیی ئەمڕۆ چوارشەممە، کۆماری ئیسلامی لە دوو لاوە، بنکە و بارەگانی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێرانی کردە ئامانج.

بەپێی زانیارییەکان، لە یەکەم هێرشدا بەرزاییەکانی بالیسان لە باشووری کوردستان بە ٣ دڕۆن کراوەتەوە ئامانج و لە ماوەیەکی کەمی دوای ئەوەدا، کەمپی جێژنیکانیش کرایە ئامانج.

شایانی باسە کەمپی جێژنیکان لە نزیک شاری هەولێر، شوێنی نیشتەجێبونی بنەماڵەکانی حیزبی دێموکراتە.

ئەم شەپۆلە لە هێرشەکانی کۆماری ئیسلامی، هاوکاتە لەگەڵ دەسپێکی شەپۆلێکی نوێی هێرشەکانی ئەمریکا بۆ سەر ناوچەکانی باشووری ئێران.

ڕێژیمی کۆماری ئیسلامیی ئێران لە ماوەی دەستپێکی شەڕ لەگەڵ ئەمریکا و ئیسرائیلەوە هەتا ئێستا بە زیاتر لە ١٥٦ مووشەک و دڕۆن کەمپی بنەماڵەکانی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران و بنکە دەرمانی و پەروەردەییەکانی ئەم حیزبەی بە ئامانج گرتووە.

هەروەها ڕێژیم زیاتر لە هەزار جار هێرشی مووشەکی و دڕۆنی کردووەتە سەر هەرێمی کوردستان و حیزبەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان و لە ئەنجامی ئەو هێرشانەدا، تا ئێستا ٣٢ کەس گیانیان لەدەست داوە و ١٥٤ کەسی دیکەش بریندار بوون.