پلاتفۆرمی ژنانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان_ژینا ڕاگەیەندراوێکی لەژێر ناوی "ژینا؛ ناوی شۆڕشێک کە هێشتا بەردەوامە" بڵاو کردەوە و ڕایانگەیاند؛ شەهیدکرانی ژینا بووە هۆی دەستپێکی شۆڕشێکی کۆمەڵایەتی و سیاسی کە سنوورەکانی ئێرانی تێپەڕاند و دەنگی ئازادیخوازیی کوردستانی گەیاندە جیهان.
لە بەشێکی ئەو ڕاگەیەندراوەدا هاتووە کە "«ژن، ژیان، ئازادی» تەنیا دروشمی ناڕەزایەتی نەبوو، بەڵکوو دەنگی ڕاپەڕین دژی سیستەمێک بوو کە ساڵانێکە بە سەرکوت، جیاوازی، سێدارە، کپکردنی دەنگەکان، زیندان و پێشێلکردنی مافە بنەڕەتییەکانی مرۆڤ، بە تایبەتمەندیی ژنان، دەسەڵاتی خۆی بەسەر کۆمەڵگەدا سەپاندووە".
لە بەشێکی دیکەدا هاتووە کە "بزووتنەوەی ژینا تەنیا ناڕەزایەتییەک لە دژی حیجابی زۆرەملێ نەبوو؛ بەڵکوو هەوڵێکی گەورە بۆ هەڵتەکاندنی بناغەکانی سیستەمێک بوو کە هەناسەی ئازادیی لە هیچ توێژێکی کۆمەڵگە نەهێشتووەتەوە".
لە بەشێکی دیکەی ئەو ڕاگەیەندراوەدا هاتووە کە "ئەم بزووتنەوەیە دەرخەری هۆشیاریی قووڵی ژنان بوو و بووە خاڵێكى وەرچەرخان لە مێژووی خەباتی ژنانی کورد و گەلانی ئێران بەگشتی".
هەروەها ئەو پلاتفۆرمە ئاماژەی بەوە داوە "لە گرینگترین تایبەتمەندییەکانی ئەم بزووتنەوەیە ئەوە بوو کە ژنی کورد بوو بە داینەمۆی ڕاپەڕینێکی بەرفراوان و هەڵگری دروشمێک کە واتای ئازادی، یەکسانی و ژیان لە خۆیدا کۆ کردەوە".
هەروەها پلاتفۆرمی ژنانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان_ژینا، پشتگیریی تەواوی لە بڕیار و بانگەوازی هاوپەیمانیی حیزبە سیاسییەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان لەمەڕ مانگرتنی گشتیی ٢٥ی خەرمانان دووپات کردووە.
ئەو پلاتفۆرمە ڕایگەیاند: "داوا لە ژنان و لاوانی پێشەنگ دەکەین کە ڕۆژی ٢٥ی خەرمانان، بە بەشداریی چالاکانە لە مانگرتنی گشتیدا و بە داخستنی دووکان و بازاڕەکان، ئیرادەی بەرزی خۆیان بۆ بەردەوامیی شۆڕش نیشانی کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی و ڕێژیمی داگیرکەر بدەن".
لە کۆتایی ڕاگەیەندراوەکەدا جەخت لەسەر ئەوە کراوەتەوە کە "شۆڕشی «ژن، ژیان، ئازادی» کۆتایی پێ نەهاتووە و تا گەیشتن بە مافە ڕەواکان و هەڵتەکاندنی سیستەمی زۆرداری و داگیرکاری بەردەوامە".