کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

بەردەوامیی مانگرتنی بەندکراوانی سیاسی لە بەندیخانەکانی ڕێژیم لە بەرەبەرەی چوارەمین ساڵیادی بزووتنەوەی ژینا

14:01 - 24 خەرمانان 2726

لە بەرەبەرەی چوارەمین ساڵیادی بزووتنەوەی "ژن، ژیان، ئازادی"، بەندکراوانی سیاسی لە ٦۲ بەندیخانەی ئێراندا ۱٣٨ـەمین حەفتەی مانگرتنی خۆیان لە هەڵمەتی "سێشەممەکانی نا بۆ لەسێدارەدان" ڕاگەیاند؛ لە هەمان کاتدا داوایان لە لێژنەی سێیەمی ڕێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان کرد هەنگاوی بەپەلە و کاریگەر بۆ ڕاگرتنی شەپۆلی لەسێدارەدانەکان لە ئێران هەڵبگرێت.

بەپێی ڕاگەیەندراوی ئەو کارزارە، لە دەستپێکی مانگی خەرمانانەوە تا ئێستا لانیکەم ٦۱ بەندکراو لەلایەن ڕێژیمی کۆماری ئیسلامییەوە لە سێدارە دراون.

هەروەها سزای سێدارە یان تۆمەتی "بەغی" بەسەر چەندین لاوی ناڕازیی خۆپیشاندانەکانی بەفرانباری ١٤٠٤ و خوێندکاراندا، لەوانە عەلیڕەزا سپاھی، ئەرغەوان فەلاحی، مەرزیە ئیبراهیمی، حوسێن ڕەسووڵینەسەب و محەممەدپارسا گوڵچین سەپێنراوە کە نیشانەی ترسی دەسەڵات لە سەرهەڵدانەوەی شۆڕشی جەماوەرییە.

کارزاری "سێشەممەکانی نا بۆ سێدارە" ڕایگەیاند کە ڕێژیم بە مەبەستی ڕێگریکردن لە مانگرتنی سەرانسەریی ۲٥ی خەرمانان لە کوردستان لەدوای بانگەوازی حیزبەکانی ڕۆژهەڵات، گوشار و هەڕەشەکانی بۆ سەر کاسبکاران و دووکانداران لە شارەکانی وەک سەقز چڕ کردووەتەوە.

لە بەرانبەردا، هاووڵاتییانی دەرەوەی وڵات لە شارەکانی پاریس، کۆڵن، لەندەن و ڤییەن خۆپیشاندانیان بۆ پشتیوانیکردن لەم بزووتنەوەیە و ڕیسواکردنی تاوانەکانی ڕێژیم ڕێک خستووە.

ئەم کارزارە، بە ئاماژەدان بە پشتیوانیی جاوید ڕەحمان، ڕێپۆرتەری پێشووی مافی مرۆڤ لەم بزووتنەوەیە، داوای لە مای ساتو، ڕێپۆرتەری تایبەتیی نەتەوە یەکگرتووەکان و کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی کرد کە سەرکوتکارییەکانی ڕێژیمی فاشیستیی کۆماری ئیسلامی بەتوندی مەحکووم بکەن و ڕێکاری کردەیی بۆ ڕاگرتنی سێدارەکان بگرنە بەر.