کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

پشتیوانیی ڕێکخراوێکی کرێکاری لە مانگرتنی سەرانسەریی ۲۵ی خەرمانان لە کوردستان

14:22 - 24 خەرمانان 2726

"ڕێکخراوی تێکۆشان بۆ پێکهێنانی بزووتنەوەی سەربەخۆی کرێکاری لە تاراوگە" پشتیوانیی خۆی بۆ بانگەوازی هاوپەیمانیی حیزبە سیاسییەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان بۆ مانگرتنی سەرانسەری لە ۲۵ی خەرمانان، ڕاگەیاند.

ئەم ڕێکخراوە لە ڕاگەیەندراوێکدا بە ئاماژەدان بە هاوپەیمانیی حیزبە سیاسییەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان لە دژی تەواوەتیی کۆماری ئیسلامی، جەختی کردەوە کە ڕێکخستنی مانگرتنی سەرانسەری لە چوارچێوەی خەباتی مەدەنیی جەماوەری بۆ وەرگرتنی ئازادی، دادپەروەریی کۆمەڵایەتی و وەدەستهێنانی مافی یەکسان لە شاره‌کانی کوردستاندایە.

ئەم ڕێکخراوە لە چوارەمین ساڵیادی شەهیدکرانی ژینا ئەمینیدا، هاودەردیی خۆی بۆ بنەماڵەکەی و سەرجەم دادخوازان دووپات کردەوە؛ هەروەها جەختی لەسەر پێویستیی دادگاییکردن و سزادانی ئەنجامدەرانی ئەم تاوانە کردەوە.

ئەو ڕێکخراوەیە هەروەها سەرکوتکارییە بەرنامەداڕێژراو و تاوانەکانی ڕێژیم لە بەرانبەر بزووتنەوەی "ژن، ژیان، ئازادی"ی بەتوندی مەحکووم کرد.

ڕێکخراوی تێکۆشان بۆ پێکهێنانی بزووتنەوەی سەربەخۆی کرێکاری لە تاراوگە ڕێژیمی کۆماری ئیسلامیی بە دەسەڵاتێکی شەڕخواز و سەرکوتکەر وەسف کرد کە بۆ مانەوەی خۆی تاوانی بێوێنەی لە خۆپیشاندانەکانی بەفرانباری ١٤٠٤ خولقاندووە.

لە کۆتاییشدا جەختی کردەوە کە تاقە ڕێگەی ڕزگاریی نەتەوەکانی ئێران و بەدەستهێنانی ئازادی، ڕووخاندنی یەکجاریی ئەم ڕێژیمە دژەگەلی و دژە ژنەیە.