"ئەنجومەنی برینداران و دادخوازانی بزووتنەوەی ژینا" وەک یەکێک لە ناوەندە مەیدانییە سەرەکییەکانی قوربانییانی سەرکوت، بە بڵاوکردنەوەی پەیامێک هاتە ڕیزی پشتیوانانی مانگرتنی سەرانسەریی ۲۵ی خەرمانان لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان.
لەو پەیامەدا هاتووە کە دەستەی هاوپەیمانیی هێزە سیاسییەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان بە ئاماژەدان بە چڕبوونەوەی گوشارە ئەمنییەتییەکان، داڕمانی ئابووری، فڕینی نرخەکان، هەژاری، بێکاری، دەسبەسەرکردنی چالاکوانان و بەرزبوونەوەی ڕێژەی سێدارەکان، جەختی لەسەر ڕۆڵی خەباتی مەدەنی و مانگرتنی سەرتاسەری بۆ بەرجەستەکردنی ئیرادە و یەکگرتوویی جەماوەری کردووەتەوە.
ئەو هاوپەیمانییە داوای لە خەڵک کردووە بە داخستنی دووکان و بازاڕەکان و مانەوە لە ماڵەکانیاندا، پەیوەندی بەم مانگرتنەوە بگرن و بیکەنە پەیامێکی ڕوون لە دژی سەرکوت، سێدارە و بەردەوامیی سیاسەتەکانی کۆماری ئیسلامی.
لەم چوارچێوەیەدا، ئەنجومەنی برینداران و دادخوازانی شۆڕشی ژینا بە دەربڕینی پشتیوانیی تەواو، داوای لە سەرجەم چین و توێژەکانی کوردستان، بازاڕییان، کرێکاران، ڕێکخراوە پیشەییەکان و هاووڵاتییان کردووە بە بەشداریی چالاکانەیان لەم مانگرتنەدا، یاد و ڕێبازی شەهیدان بەرز ڕابگرن و ناڕەزایەتیی خۆیان لە بەرانبەر سیاسەتە سەرکوتکارییەکانی کۆماری ئیسلامی نیشان بدەن.
ئەم ئەنجومەنە جەختی کردووەتەوە کە مانگرتن و بەرهەڵستبوونی مەدەنی، بەشێکی دانەبڕاوە لە تێکۆشانی جەماوەر بۆ وەدەستهێنانی ئازادی، دادپەروەری و کەرامەتی مرۆیی؛ هەروەها دووپاتی کردەوە کە دەنگی دادخوازیی بنەماڵەی شەهیدان و بریندارانی بزووتنەوەی ژینا تا بەدەستهێنانی ئامانجەکان پێداگرانە بەردەوام دەبێت.