موژگان ئێفتخاری، دایکی شەهید ژینا ئەمینی، لە بەرەبەرەی چوارەمین ساڵیادی قەتڵی حکوومەتیی کچەکەی، بە بڵاوکردنەوەی وێنەیەکی ژینا، یادی کچەکەی بەرز ڕاگرت.
ڕۆژی ڕابردووش ئەمجەد ئەمینی، باوکی ژینا بە بڵاوکردنەوەی پەیامێک نووسی؛ «چوار ساڵ تێپەڕیوە، بەڵام داخی تۆ نە کۆن بووە و نە تەنانەت بۆ ساتێکیش ئارامی گرتووە. لەم چوار ساڵەدا زۆر بیرمان کردووەتەوە کە کچێکمان هەبوو و لێیان سەندین؛ بەڵام خۆشەویستیی خەڵک، هەزاران ڕۆڵەی تری هێنایە ناو بنەماڵەکەمانەوە.»
ئەمجەد ئەمینی لە ماوەی ڕۆژانی ڕابردوودا بە بڵاوکردنەوەی وێنەکانی کچەکەی درێژەی بە دادخوازی دا، چونکە کۆماری ئیسلامی دوای تێپەڕبوونی ۴ ساڵ بەسەر قەتڵی حکوومەتیی کچەکەیدا، نەک هەر وڵامدەر نەبووە، بەڵکوو حاشاشی لێ دەکات.
ژینا ئەمینی، کچە کوردی تەمەن ٢٢ ساڵی خەڵکی سەقز، لە خەرمانانی ١٤٠١ بەهۆی لێدان و ئەشکەنجەی توندی هێزەکانی گشت ئێرشاد و پاش چوونە کۆماوە، لە نەخۆشخانەی کەسرای تاران گیانی لەدەست دا.
شەهیدکرانی ژینا ناڕەزایەتییەکی بەرفراوانی لە سەرانسەری ئێراندا لێ کەوتەوە و بووە هەوێنی سەرهەڵدانی شۆڕشێکی پێشکەوتوو و نوێخواز کە دەنگدانەوەیەکی جیهانیی هەبوو.