لە بەرەبەرەی چوارەمین ساڵیادی شەهیدکرانی ژینا ئەمینی و دەستپێکی بزووتنەوەی "ژن، ژیان، ئازادی"، یەکیەتیی زانایانی ئایینیی کوردستانی ئێران بە بڵاوکردنەوەی ڕاگەیەندراوێک داوای لە سەرجەم چین و توێژەکانی کۆمەڵگە کرد لە ۲۵ی خەرماناندا، بەشێوازێکی مەدەنی و ئاشتیخوازانە بەشداری لە مانگرتنی سەرتاسەریدا بکەن.
یەکیەتیی زانایانی ئایینی لەم بانگەوازەدا جەختی لەسەر ئەوە کردووەتەوە کە بزووتنەوەی ژینا ڕووداوێکی ئاسایی نییە، بەڵکوو ڕەنگدانەوەی ئیرادەی نەوەیەکە بۆ وەدەستهێنانی ژیانێکی ئازاد، ڕێزگرتن لە کەرامەتی مرۆیی، ڕێزلێنان لە خوێنی بەناحەق ڕژاوی ژینا و کۆتاییهێنان بە سەرکوتکاری و نادادپەروەری.
لە پەیامەکەی زانایانی ئایینیدا هاتووە کە دروشمی "ژن، ژیان، ئازادی" بەرجەستەکەرەوەی دەنگی سەرجەم چین و توێژەکانە کە باوەڕیان بە ئازادی، دادپەروەری، شکۆی مرۆڤایەتی و مافی دیاریکردنی چارەنووس هەیە.
لەم چوارچێوەیەدا ڕوویان لە مامۆستایان، ڕۆشنبیران، خوێندکاران، کرێکاران، کاسبکاران و ئازادیخوازان کردووە تا بە یەکدەنگی لەم مانگرتنەدا بەشدار بن.
لە کۆتاییدا یەکیەتیی زانایانی ئایینیی کوردستانی ئێران هیوای خواستووە کە یادی ژینا ئەمینی ببێتە هەوێنی چڕکردنەوەی یەکگرتوویی جەماوەری و هەنگاونان بەرەو دواڕۆژێکی ئازاد و دادپەروەر.