کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

ڕاگەیەندراوی هاوبەشی پێنج ڕەوتی سیاسی بۆ پشتیوانیکردن لە مانگرتنی سەرانسەریی کوردستان لە ٢٥ی خەرمانان

15:34 - 24 خەرمانان 2726

هەرکام لە تۆڕی ئێرانیاران، بەرەی بوژانەوەی یاسا و سەروەریی نەتەوەیی ئێران، ئەنجومەنی نەتەوەیی بڕیار، حیزبی دێموکرات مەسیحیی ئێران و بەرەی ئازادیی ئێران لە ڕاگەیەندراوێکدا پشتیوانییان لە مانگرتنی سەرانسەریی ڕۆژهەڵاتی کوردستان کرد.

لە ڕاگەیەندراوەکەدا هاتووە "ژن، ژیان، ئازادی" لە دڵی ئازار و خۆڕاگریی خەڵکی کوردستانەوە سەری هەڵدا، بەڵام لە کورتترین کاتدا بووە دروشمی هاوبەشی میلیۆنان ئێرانی؛ دروشمێک کە نیشانی دا داواکاریی ئازادی، کەرامەتی مرۆیی، یەکسانی و مافی هاووڵاتیبوون، سنوورەکانی نەتەوەیی، ڕەگەزی، ئایینی و جوغرافیایی ناناسێت.

هەروەها ئاماژە بەوە کراوە کە "شەهیدکردنی ژینا تاوانێکی دڵتەزێنی حکوومەتی بوو. کۆماری ئیسلامی لە ماوەی چوار دەیەی ڕابردوودا بە سەرکوتی سیستماتیک، جیاکاری، سێدارە، بەندیخانە، ئەشکەنجە، کۆمەڵکوژکردنی ناڕازییان و پێشێلکردنی مافە سەرەتاییەکانی هاووڵاتییان، نیشانی داوە کە مانەوەی خۆی لەسەر سەرکوتکردنی کۆمەڵگە دامەزراندووە؛ سیاسەتێک کە تا ئەم پێکهاتە سیاسییە بەردەوام بێت، درێژەی دەبێت".

هەروەها بە پێداگرییان باسی لەوە کردووە کە کۆمەڵگەی ئێران ئیتر ئەو کۆمەڵگەیە نییە کە کۆماری ئیسلامی بتوانێت بە سەرکوت و ترساندن بێدەنگی بکات.

لە بەشێکی دیکەدا ئەو ٥ ڕەوتە سیاسییە ڕایانگەیاند کە بزووتنەوەی "ژن، ژیان، ئازادی" ئەگەرچی بە توندوتیژیی بەربڵاو سەرکوت کرا، بەڵام نە شکا و نە کوژایەوە.

لە بەشێکی دیکەدا پێداگرییان لەسەر ئەوە کردەوە کە "ئێمە پشتیوانی لە بانگەوازی هاوپەیمانیی حیزبە سیاسییەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان بۆ مانگرتنی سەرانسەری لە ڕۆژی ۲٥ی خەرمانان دەکەین".

 لە کۆتاییدا ئاماژە بەوە کراوە کە "کورد، بەلووچ، عەرەب، تورک، تورکمان، فارس، لوڕ، گیلەک، مازەنی و هەموو نەتەوە و کۆمەڵگە جیاوازەکانی ئێران، سەرەڕای جیاوازیی ناسنامەیی و کلتووری، لە داواکارییەکی هاوبەشدا بەیەکەوە دەبەسترێنەوە.