کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

سەرچاوەی داهاتی بەشێکی زۆر لە خەڵکی کوردستان و وەرزێڕان لەژێر هەڕەشەی لەنێوچووندان

15:50 - 24 خەرمانان 2726

گوشاری ئابووری، پێنەدانی پارە، بەرزبوونەوەی نرخی سووتەمەنی، کەمیی خزمەتگوزاریی کشتوکاڵی، گوێنەدان بە داواکاریی وەرزێڕان، دەروەستنەبوونی بەرپرسان بە بەڵێنییەکانیان و گرانیی کەرەستەی کشتوکاڵی ئەو هەڕەشانەن کە سەرچاوەی داهاتی خەڵکی کوردستانیان گەیاندووەتە لێواری لەنێوچوون.  

بەپێی ئەو زانیارییانەی بە بەشی هەواڵی ناوەندی ڕاگەیاندنی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران گەیشتوون، ئیدارەی کشتوکاڵی پارێزگای ورمێ پاش ئەوەی نرخی بەرهەمی چەوەندەر و گەنمی بە وەزێڕان ڕاگەیاندبوو، ئێستا دوای سێ مانگ سەرەڕای بێ نرخبوونی زیاتری بەهای ڕیاڵ و گرانیی لەڕادەبەدەر، هێشتا پارەیان بە وەرزێڕان نەداوە.

وەرزێڕان ڕایانگەیاندووە سەرەتا کە نرخی چەوەندەر ٩ هەزار و ٤٠٠ تمەن دیاری کرابوو، پێیان وابوو کە ئەگەر بەو شێوەیە بێت زیانێکی ئەوتۆ ناکەن، بەڵام هەڵاوسان و گرانی لە ماوەی سێ مانگی ڕابردوودا دەریدەخات کە ئەو نرخە بە هیچ شێوەیەک گونجاو نییە و تەنیا ماندوویی و زەحمەتەکەی بۆ وەرزێڕان ماوەتەوە و زۆرێک لە بنەماڵەکان مایەپووچ بوون.

هەر لەو پێوەندییەدا وەرزێڕان باسیان لەوە کردووە کە ئیدارە پێوەندیدارەکانی ڕێژیم کەڵکاژۆیان لەو دەرفەتە وەرگرتووە و مافی وەرزێڕانیان خواردووە.

ئیدارەکانی ڕێژیم بە ڕوونی بە وەرزێڕانیان ڕاگەیاندووە کە پارەتان پێ نادرێت.

ئەوە لەکاتێکدایە کە نرخی هەر بەرمیلێک گازۆئیل لە سێ میلیۆن بۆ دە میلیۆن و نرخی هەر گاڵۆنێک ڕۆنی تراکتۆر لە دوو میلیۆن بۆ دوازدە میلیۆن بەرز بووەتەوە.

هەروەها بیری ئاوی وەرزێڕان کە بە کارەبا کار دەکا، نرخەکەی لە ٧٠٠ هەزار تمەنەوە بووە بە چل میلیۆن تەمەن.

ساڵانێکە ڕێژیمی کۆماری ئیسلامیی ئێران بە پەیڕەوکردنی سیاسەتی پشتگوێخستنی داواکاریی وەرزێڕانی کوردستان هەوڵ دەدات سەرچاوەی داهاتی کوردستان ببڕێت و خەڵکی کوردستان و چینی زەحمەتکێش بەستراوەی شارە ناوەندییەکانی ئێران و ناوەندەکانی دەسەڵاتداریی ڕێژیمەکەی بکات و بە گوشاری ئابووری ملکەچیان بکات.