کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

سەقز؛ جێگیربوونی هێزە سەرکوتکەرەکان لە مەیدانەکان و گەمارودانی ڕێگەکانی گۆڕستانی ئایچی

08:52 - 25 خەرمانان 2726

هاوکات لەگەڵ دەستپێکی چوارەمین ساڵیادی شەهیدکرانی ژینا ئەمینی و دەستپێکی بزووتنەوەی "ژن، ژیان، ئازادی"، ڕێژیمی ئێران بە جێگیرکردنی دەیان ماشین و هێزی چەکدار، کەشێکی توندی سەربازی و ئەمنییەتیی بەسەر شاری سەقزدا سەپاندووە و سەرجەم ڕێگەکانی گەیشتن بە گۆڕستانی ئایچی گەمارۆ داوە.

بەپێی ڕاپۆرتی ڕێکخراوی مافی مرۆڤی "کوردپا" تا شەوی سێشەممە ۲٤ی خەرمانان، هێزە ئەمنییەتی و سەربازییەکانی ڕێژیم بە شێوەیەکی بەربڵاو لە مەیدان و شەقامە سەرەکییەکانی سەقز، لەوانە بلواری ئینقلاب، دەوروبەری فەلەکەی زیندان، مەیدانی قودس و دەروازەکانی هاتنەژوورەوە لە ڕێگەی بانە، سنە و بۆکان جێگیر کراون و خاڵی پشکنینیان دامەزراندووە.

سەرچاوەکانی کوردپا ڕایانگەیاندووە کە ڕێژیم بە مەبەستی ڕێگری لە ئامادەبوونی جەماوەر لەسەر مەزاری ژینا ئەمینی، تەواوی ڕێگە سەرەکی و لاوەکییەکانی گەیشتن بە گۆڕستانی ئایچی سنووردار کردووە.

لەم چوارچێوەیەدا، دەسەڵاتدارانی ڕێژیم بۆ سێیەم ساڵی لەسەریەک، ئاوی بەنداوی "چراوەیس"یان بەرداوەتەوە تا تەواوی ڕێگە سروشتی و لاوەکییەکانی دەوروبەری گۆڕستانی ئایچی ببەستێت و هاتوچۆ ئەستەم بێت.

کوردپا هەروەها وێنەی گواستنەوەی دەیان ماشینی یگان تایبەت، ماتۆڕسیکلێت و وەنی هێزە سەرکوتکەرەکانی لە ڕێگە دەرەکییەکانەوە بۆ ناوەندی شاری سەقز بڵاو کردووەتەوە کە نیشاندەری ترسی دەسەڵات لە سەرهەڵدانەوەی ناڕەزایەتییە جەماوەرییەکان لە شاری ژینادایە.