کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

ترسی ڕێژیم لە مانگرتنی سەرانسەری کوردستان؛ مێلیتاریزەکردنی ڕۆژهەڵات و گوشار بۆ سەر بازاڕییان

10:00 - 25 خەرمانان 2726

هاوکات لەگەڵ چوارەمین ساڵیادی بزووتنەوەی ژینا و بانگەشەی هاوپەیمانیی هێزە سیاسییەکانی ڕۆژهەڵات بۆ بەڕێوەچوونی مانگرتنی سەرانسەری، کۆماری ئیسلامی شەپۆلێکی بەربڵاوی گوشار، دەسبەسەرکردن و مێلیتاریزەکردنی بەسەر شارەکانی کوردستاندا سەپاندووە تا بەر بە مانگرتنی سەرانسەری بگرێت.

لە "سەقز" شارەکە بە تەواوی سەربازی و ئەمنییەتی کراوە و دەروازەکانی هاتنەژوورەوە لەلایەن سەدان چەکدارەوە پشکنینیان بۆ دەکرێت.

ڕێژیم سەرجەم ڕێگەکانی گۆڕستانی ئایچیی گەمارۆ داوە، دەرگای گۆڕستانەکەی داخستووە، کامێرای چاوەدێریی دامەزراندووە و ئاوی بەنداوی چراوەیسی بەرداوەتەوە.

لە ناو شاردا، بەرپرسی ئەسنافی پارێزگا لە فرمانداری کۆبوونەوەی بۆ هەڕەشەکردن لە بازاڕییان پێکهێناوە؛ تەنانەت لە ترسی ناڕەزایەتییەکان، سەتڵەکانی خاشاکی سەر شەقامەکانیان سەرەوژێر کردووەتەوە.

لە "شنۆ" هێزە ئەمنییەتییەکان دەستیان بە دەسبەسەرکردنی ڕێگریکارانەی دووکاندارەکان کردووە و تا ئێستا پێنج هاووڵاتی و بازاڕی بە ناوەکانی سۆران بایزیدی، ڕەحیم ئەرشەدی، ڕەزا دەیان، فەخرەدین ئیبراهیمی و قادر ئەمینی دەسبەسەر کراون و چارەنووسیان نادیارە.

لە "مەریوان" ڕێژیم هێزێکی زۆری سەرکوتکەری ڕەوانەی شارەکە کردووە و لە خوار بانکی میللی (مەیدانی جەهاد) جێگیری کردوون و هاوکات گوشارێکی زۆر خراوەتە سەر دووکانداران بۆ ئەوەی بازاڕ و دووکانەکان بکەنەوە.

لە "بۆکان"، ڕێژیم بۆ دروستکردنی دیمەنی درۆیی ئاساییبوونەوەی شار، بڕیاری کردنیەوەی فرۆشگایەکی گەورەی بە داشکاندنی تایبەتەوە داوە.

لە "مەهاباد"یش، هێزێکی زۆری یەکەی تایبەت لە تارانەوە گوازراوەتەوە و لە ناوشاردا بڵاوەیان پێ کراوە و کەشێکی ئەمنییەتییان بەسەر شاردا سەپاندووە.

هاوکات ڕاپۆرتەکان ئاماژە بە ئەگەری پچڕاندنی هێڵی ئینتێرنێت لەلایەن ڕێژیمەوە دەکەن.