کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

کۆماری ئیسلامی و هونەری «ژیان بەبێ کەلوپەل»

13:01 - 11 خەرمانان 2726

دارسمە

وڵاتانی جیهان، بێجگە لەم ئێرانەی خۆمان، زۆر لە کاروان جێ ماون و بەتەواوی لە کولتوور و ڕەسەنایەتیی نەتەوەیی دوور کەوتوونەتەوە. لەو وڵاتانەدا، بەردەوام هەوڵ دەدرێت خەڵک بە شێوەیەک پەروەردە بکرێن کە بەتەواوی تەنبەڵ و تەوەزەل بار بێن و توانای هیچ کارێکیان نەمێنێت. بەڵام ئەم ئێرانەی خۆمان حیسابی جودایە؛ دەسەڵاتدارانی تاراننشین بۆ بەرەنگاربوونەوەی ئەم قەیرانە جیهانییە، ڕێبازێکی زۆر بێوێنە و داهێنەرانەیان گرتووەتە بەر. ئەوان دەیانەوێت بە بڕینی دەستی تەکنەلۆژیا، خەڵکێکی سەربەخۆ و بێمنەت دروست بکەن و لەو کەرەستە هیچ و پووچانەی مرۆڤ تەنبەڵپەروەر دەکەن، دووریان بخەنەوە.

مرۆڤی وڵاتانی دیکە زۆر ناشوکر و لەخۆبایی بوون. بۆ نموونە، لە کاتێکدا خوای گەورە پەنجە و نینۆکی پێ بەخشیوین بۆ ئەوەی خواردنی پێ پارچەپارچە بکەین و بیخەینە دەممانەوە، ئەوان هاتوون «چەنگاڵ»یان هێناوەتە نێو فەرهەنگی خواردنەوە! لە جیاتی ئەوەی بەم پەنجە خـواپێداوانە خواردنەکە بپچڕێنن، بە چەنگاڵ دەیهاوێژنە زاریانەوە. لە لایەکی دیکەشەوە، تەواوی دەم و ددانی خۆیان خەجاڵەتبار کردووە. کۆمەڵێک دەزگا و ئامێری هاڕین و تێکەڵکەری کارەبایییان داهێناوە بۆ ئەوەی دانەوێڵە و خواردنە ڕەقەکانی پێ ورد بکەن و شلی بکەنەوە. بەم کارەش، ددانەکانی نێو دەم بەتەواوی تەنبەڵ و تەوەزەل دەبن، بێ هیچ ئەرکێک لەسەر پووک و پدووەکان پاڵ دەدەنەوە و وەک ئەوەی خەویان لێ کەوتبێت، سەیری ئەو خواردنە شلکراوەیە دەکەن بەسەریاندا تێدەپەرێت، بە گەروو و سورێنجکدا بەرەو گەدە شۆڕ دەبێتەوە، بەناو دوازدەگرێ و ڕیخۆڵاندا دەچێتە خوار و لەولاشەوە بەشی هەرەزۆری دەبێتە پاشەڕۆ.

جا لێرەدا پەرژینێکی بە گوڵ لە نێوان خۆم و تۆی خوێنەری بەڕێز و خاوەن کەسایەتی دادەنێین، با بە کورتی باسێکیش لە دۆخی پاشەڕۆ و ئاودەست بکەین. جاران کاتی چوونە سەرئاو، لە خوارەوە حەوت جار پڕ بەم مستە جوانە گۆلم گۆلم ئاومان بە خۆماندا دەکرد، ئەگەر هەستمان بکردایە پاک نەبووینەتەوە، دووبارە دەستمان بەکار دەبووەوە. بەڵام ئێستا لە وڵاتانی جیهان، ئاودەستی وایان دروست کردووە دەڵێی نیشانەشکێنی چەکدارە! بێ ئەوەی یەک دڵۆپ دەستت تەڕ بکەیت، بە فشاری ئاو ڕاست ئامانجی خۆی دەپێکێت و خوارەوەت بۆ دەشوات. ئا لێرەدایە دەست و بازووش تەنبەڵ دەبن و لە کار دەکەون و ئیدی مرۆڤ بەتەواوی تەوەزەل دەبێت.

با بێینە سەر بەشەکانی دیکەی ژیان. ئامێری وایان دروست کردووە بە بیستنی ناویان سەرت سوڕ دەمێنێت: فێنککەرەوە، باوەشێنی کارەبایی، هەویرشێل، تێکەڵکەر، ساردکەرەوە، سەهۆڵکەر، جلشۆر، قاپشۆر و سەدان شتی دیکە. هیچ گومانێک لەوەدا نییە بەکارهێنانی هەموو ئەمانە، ناشوکرییە بەرانبەر بەو جەستەیەی خۆی توانای ئەنجامدانی هەموو ئەو کارانەی هەیە.

ئێستا دەسەڵاتدارانی ئێران، بە حیکمەتی خۆیان دۆخێکی وایان ڕەخساندووە بە زۆرەملێ لەو کەرەستە بێبایەخ و زیانبەخشانە دوور بکەوینەوە، جا چەند باشە تۆی هاووڵاتیش هاوکار بیت! ئایا ساردکەرەوە گران بووە و ناتوانیت بیکڕیت؟ زۆر ئاساییە، خۆراک بۆ هەڵگرتن مەکڕە؛ هەر کە کڕیت خێرا بیخۆ و تەواوی بکە. جلشۆرەکەت پەکی‌کەوتووە و پارەی چاککردنەوەیت نییە؟ فەرموو قۆڵت هەڵماڵە و بە دەست جلەکانت بشۆ. گەسکە کارەباییەکەت سووتاوە؟ فەرموو بە گەسکی دار و خۆماڵی ماڵەکەت بماڵە، مەگەر لە فۆلکلۆری دەوڵەمەندی خۆماندا نەگوتراوە: «دوو ڕەشماڵەی ڕەشکۆکە هەڵیان دا لە کوڕەداڵی، دوو کیژی گوارەزێڕن بە جووت پێش ڕەشماڵیان دەماڵی»؟

بەڵام هەر لەو کاتەوەی خەڵکی ئێمە لاسایی وڵاتە تەنبەڵپەروەرەکانیان کردووەتەوە، حەیامان چووە. ڕۆژنامە و ماڵپەڕەکانیش تێیدا ڕاناوەستن و باسی هەموو شتێک دەکەن. ئەوەتا «غەزەل» کە کارمەندێکی بانکە، گلەیی ئەوە دەکات کە چاککردنەوەی فێنککەرەوەی ئۆتۆمبێلەکەی نزیکەی بیست میلیۆن تمەنی تێدەچێت. ئەو دەڵێت چەند ساڵێک پێشتر بەم پارەیە ئۆتۆمبێلێکی تەواو دەکڕدرا، کەچی ئێستا تەنیا بەشی ئەوە دەکات چەند ڕۆژێک تۆزێک هەوای فێنک بکاتە نێو ئۆتۆمبێلەکەیەوە.                                           

دەی باشە تۆ بڵێ غەزەل خانم، جەنابت لەنێو ئۆتۆمبێلدا فێنککەرەوەت بۆ چییە؟ یان هەر بێ فێنککەرەوە لێی بخوڕە، یان لە بنەڕەتدا بیفرۆشە و بەیانیان بە پێ بڕۆ بۆ بانک و ئێواران بگەڕێوە. دەزانی بەم کارە سێ گۆڕانکاریی گەورە لە ژیانتدا ڕوو دەدات؟ یەکەم: گیرفانت پڕ دەبێت. دووەم: ورگت دەپووکێتەوە. سێیەم: ڕان و هەرامەت ئەستوور و بەهێز دەبن!

بەهۆی ئەم نێعمەتانەوە، ئێستا زۆربەی ماڵەکان بوونەتە مۆزەخانەی مێژوویی: جلشۆری پەککەوتوو، مایکرۆوەیڤی بێدەنگ، ئوتووی سووتاو و گەسکێکی کارەبایی کە تەنیا وەک مێزێکی بچووک لە گۆشەیەکدا دانراوە. کاتێکیش میوان دێت، خاوەنماڵ بە شانازییەوە ڕووی تێ دەکات و دەڵێت: «قوربان ئەمە جلشۆرەکەمانە، لە ساڵی ١٤٠٢ـەوە بە فەرمی خانەنشین کراوە! ئەمەش مایکرۆوەیڤەکەیە، لەبەر نەبوونی بودجە، ئێستا تەنیا وەک سەعات بەکاریدەهێنین و ژمارەکانی کار دەکەن!»

دەی باشە کاکی خانەخوێ، مادەم وایە، هەر لە سەرەتاوە ئەمانەت بۆچی دەکڕی و ماڵی خۆتت پێ قەرەباڵغ دەکرد؟! لێرەدا سڵاوێکی گەرم لەو دەستەڵاتدارانە هەوڵ دەدەن کەس نەتوانێت ئەم کەرەستە ومەرستە زیادییانە بکڕێت و فێری ژیانی بێ کەلوپەلت دەکات.