کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

دەرکردنی کارمەندێکی باڵوێزخانەی ڕێژیمی ئێران لە وڵاتی سوید

12:54 - 26 خەرمانان 2726

وەزارەتی دەرەوەی سوید ڕایگەیاند کاربەدەستێکی باڵویزخانەی کۆماری ئیسلامیی ئێرانی لە ستۆکهۆڵم بەهۆی ئەنجامدانی چالاکیگەلێک کە بەپێی کۆنڤانسیۆنی ڤییەن بۆ پەیوەندییە دیپلۆماسییەکان ڕێگە پێنەدراون، دەرکردووە.

گونار سترۆمێر، وەزیری دادوەریی سوید، جەختی کردەوە کە کۆماری ئیسلامیی ئێران بۆ ماوەیەکی درێژخایەن چالاکیگەلێکی ئەنجام داوە کە ئەمنییەتی نێوخۆیی و نیشتمانیی سویدیان خستووەتە مەترسییەوە.

بەپێی وتەکانی سترۆمێر، ئەم هەوڵانەی تاران نەیارانی ڕێژیم و ناوەند و بەرژەوەندییەکانی پێکهاتەی جوو و ئیسرائیلیان لە خاکی سویددا کردووەتە ئامانج.

هاوکات، جاناتان سڤێنسۆن، وتەبێژی دەزگای ئەمنییەتی سوید ڕایگەیاند، ئێران لە دروستکردنی مەترسییە ئەمنییەتییەکان لە دژی وڵاتەکەیان بەردەوامە.

ناوبراو ئاشکرای کرد کە تاران هەوڵ دەدات لە ڕێگەی هێزی نیابەتییەکان، لەوانە تۆڕە تاوانکارییەکانەوە بۆ ئەنجامدانی هێرش و کردەوەی توندوتیژانە کەڵک وەربگرێت.