وەزارەتی خەزێنەداریی ئەمریکا ڕایگەیاند لە چوارچێوەی هەڵمەتی نوێی واشنگتۆن بۆ قورسکردنی گوشاری ئابووری لەسەر کۆماری ئیسلامیی ئێران، کۆبوونەوەیەکی تایبەتی لەژێر ناوی "ئاڵوگۆری زانیارییەکان" و بە بەشداریی دامەزراوە داراییە نێودەوڵەتییەکان ئەنجام داوە تا ڕێگەکانی دەستنیشانکردن و بلۆککردنی سەرچاوە داهاتییەکان و تۆڕەکانی دابینکاریی سەر بە تاران تاوتوێ بکەن.
تۆڕی جێبەجێکردنی تاوانە داراییەکانی وەزارەتی خەزێنەداریی ئەمریکا ڕایگەیاند، ئەم کۆبوونەوەیە بەشێک لە "ئۆپەراسیۆنی گۆشەگیرکردنی ئابووری"یە و بە ئامانجی سنووردارکردنی دەستڕاگەیشتنی ڕێژیمی ئێران و گرووپە نیابەتییەکانی بە سەرچاوە داراییە نێودەوڵەتییەکان بەڕێوە چووە.
سکات بێسێنت، وەزیری خەزێنەداریی ئەمریکا لەمبارەیەوە جەختی کردەوە: وەزارەتی خەزێنەداری لە هەوڵەکانی بۆ بڕینی هەر شادەمارێکی ئابووری کە بۆ تاران ماوەتەوە، بەردەوامە.
ناوبراو ئاماژەی بەوەش کرد کە دامەزراوە داراییە تایبەتەکان لە پاڵ دەوڵەتی ئەمریکادا پاڵپشتی لەم ئۆپەراسیۆنە دەکەن.
لە بەشێکی دیکەی ڕاگەیەندراوەکەدا هاتووە، لەم کۆبوونەوەیەدا زانیاریی ورد سەبارەت بە ڕێگەکان و تۆڕە سەرەکییەکانی سەر بە تاران دراوەتە بانکە جیهانییەکان؛ تا ڕێگری لەوەی بکرێت کە ئێران بۆ سپیکردنەوەی پارە، کڕینی چەک و دابینکردنی دارایی تێرۆریزم، سیستەمی بانکی و پەیوەندییە کارگێڕییەکانی ئەمریکا بەکار بهێنێت.
وەزارەتی خەزێنەداریی ئەمریکا داوای لە دامەزراوە داراییە نێودەوڵەتییەکان کردووە زانیارییەکان و هۆشدارییەکانی پەیوەندیدار بە سزاکانی نوێی نووسینگەی کۆنتڕۆڵی سەرمایە دەرەکییەکان (OFAC) بەڕۆژ بکەنەوە تا ڕێگە لە دووبارە بنیاتنانەوەی توانای دارایی کۆماری ئیسلامی و تۆڕەکانی بگیڕێت.