ڕێکخراوی مافی مرۆڤی ئێران لە تازەترین ڕاپۆرتی خۆیدا کوژرانی زیاتر لە ٤ هەزار و ٢٠٠ کەسی لە ڕەوتی سەرکوتی خۆپیشاندانەکانی بەفرانباری ١٤٠٤دا پشتڕاست کردەوە؛ هاوکات ڕایگەیاند کە ٩١٪ی قوربانیان تەنیا لە ماوەی ٤٨ کاتژمێردا و لە ڕۆژانی ١٨ و ١٩ی بەفرانبار بە دەستڕێژی ڕاستەوخۆ کوژراون.
بەپێی ڕاپۆرتی ڕێکخراوی مافی مرۆڤی ئێران، لە نێو کوژراواندا ناسنامەی لانیکەم ٢٨١ منداڵ و ٤٢٠ ژن پشتڕاست کراوەتەوە.
ئەو ڕێکخراوەیە جەختی کردووەتەوە کە بەهۆی بڕینی بەربڵاوی هێڵەکانی پەیوەندی، گوشار لەسەر بنەماڵەکان و ئاستەنگەکانی دەستڕاگەیشتن بە زانیارییەکان، ئاماری ڕاستەقینە بەرزترە.
بەپێی ئەو ڕاپۆرتە، ڕووداوەکانی گیانبەختکردنی ناڕازییان لە شارە جیاوازەکانی ٣٠ پارێزگای ئێراندا تۆمار کراون.
لێکۆڵینەوە لە پەروەندەکان و شایەتحاڵەکان دەریانخستووە کە ژمارەیەکی زۆر لە قوربانییان بەهۆی تەقەی ڕاستەوخۆی هێزەکانی ڕێژیم بە چەکی جەنگی، ئامانجگرتنی سەر و سینگ، بەکارهێنانی قەناسە بەدەستەکان و تەقەکردن لە کەسانی هەڵهاتوو کوژراون.
مەحموود ئەمیریموقەدەم، بەڕێوەبەری ڕێکخراوی مافی مرۆڤی ئێران ڕایگەیاند: "بەڵگە کۆکراوەکان بنەمایەکی جیددی بۆ تاوتوێکردنی ئەم کۆمەڵکوژییە لە چوارچێوەی تاوان دژ بە مرۆڤایەتی پێک دەهێنن."
ناوبراو جەختی کردەوە کە ڕەهەندە ڕاستەقینەکانی ئەم تاوانە تەنیا لە ڕێگەی کۆمیتهیەکی ڕاستیدۆزینهوەی سەربەخۆوە ڕوون دەبێتەوە.
لە بەشێکی دیکەی ڕاپۆرتەکەدا هاتووە کە پەرەسەندنی کۆمەڵکوژییەکە هاوکات بووە لەگەڵ بڕینی سەرتاسەریی ئینتێرنێت، کە ڕێگەی گەیاندنی زانیاری بە هاووڵاتییان گرتووە.
هاوکات ئەو ڕێکخراوە لەسەر لەسێدارەدانی لانیکەم ٢٩ کەس لە پەیوەندی لەگەڵ ناڕەزایەتییەکاندا و درێژەی مەترسیی سزای سێدارە لەسەر لانیکەم ١٠٠ خۆپیشاندەری دیکە کە لەژێر ئەشکەنجە و بێبەشکردن لە دادگایی دادپەروەرانەدا ڕاگیراون، هۆشداری دا.