کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

کۆمیته‌ی دۆزینه‌وه‌ی ڕاستییەکان: سەرکوتی خۆپیشاندانەکان لە ئێران گەیشتووەتە ئاستی تاوان دژ بە مرۆڤایەتی

13:04 - 26 خەرمانان 2726

کۆمیته‌ی دۆزینەوەی ڕاستییەکانی سەربەخۆی نەتەوە یەکگرتووەکان لە تازەترین ڕاپۆرتی خۆیدا ڕایگەیاند، هاووڵاتییانی مەدەنی لە ئێران لە نێوان پێشێلکاریی بەربڵاوی مافەکانی مرۆڤ لەلایەن کۆماری ئیسلامی و دەرئەنجامە کارەساتبارەکانی شەڕ لەگەڵ ئەمریکا و ئیسرائیلدا گیریان خواردووە؛ هاوکات جەختی کردەوە کە سەرکوتی خۆپیشاندانەکانی ساڵانی ٢٠٢٥ و ٢٠٢٦ گەیشتووەتە ئاستی "تاوان دژ بە مرۆڤایەتی."

بەپێی ئەو ڕاپۆرتەی پێشکەشی ئەنجومەنی مافەکانی مرۆڤی نەتەوە یەکگرتووەکان کراوە، هێزە ئەمنییەتییەکانی کۆماری ئیسلامی لە هەر ٣١ پارێزگای ئێراندا پەنایان بۆ بەکارهێنانی چەکی کوشندە بردووە و دەستڕێژیان لە خۆپیشاندەرانیان کردووە.

لەم شەپۆلی سەرکوتەدا لانیکەم ٢٢١ منداڵ کوژراون و دەیان هەزار کەس بە شێوەیەکی سەرەڕۆیانە دەسبەسەر کراون و ڕووبەڕووی ئەشکەنجە، بەندیخانەی تاکەکەسی و بێبەشکردن لە پارێزەر بوونەتەوە.

لە بەشێکی دیکەی ڕاپۆرتەکەدا ئاماژە بەوە کراوە کە ڕێژیمی ئێران هاوکات لەگەڵ بەرزبوونەوەی توندوتیژییەکان، هێڵەکانی ئینتێرنێت و پەیوەندییەکانی بۆ ماوەی زیاتر لە پێنج مانگ بڕیوە، کە بە درێژترین بڕانی تۆمارکراوی ئینتێرنێت ئەژمار دەکرێت.

کۆمیته‌ی دۆزینەوەی ڕاستییەکان‌ هەروەها ڕایگەیاندووە لە ڕەوتی دادگاییکردنی خێرا و ناڕەوادا، لانیکەم ٢٩ پیاو لە پەیوەندی لەگەڵ ناڕەزایەتییەکاندا لە سێدارە دراون و زیاتر لە ٧٠ کەسی دیکەش، لەوانە ٥ ژن و سێ کوڕی تەمەن ژێر ١٨ ساڵ، لەژێر مەترسیی دەستبەجێی جێبەجێکردنی سزای لەسێدارەداندا ماونەتەوە.

بەپێی دەرئەنجامی ڕاپۆرتەکانی ئەم کۆمیتەیە، زۆربەی حاڵەتەکانی پێشێلکاریی مافەکانی مرۆڤ، لەوانە کوشتن، بەندکردن، ئەشکەنجەدان و کردەوە نامرۆڤانەکانی دیکە کە لە چوارچێوەی هێرشێکی بەربڵاو و ڕێکخراودا دژ بە هاووڵاتییانی مەدەنی ئەنجام دراون، لە ئاستی تاوان دژ بە مرۆڤایەتیدان.