دوابەدوای بەڕێوەچوونی مانگرتنی گشتیی خەڵکی کوردستان لە ڕۆژی چوارشەممە ٢٥ی خەرمانان، بەبۆنەی ٤ـەمین ساڵوەگەڕی شەهیدکرانی ژینا ئەمینی و بزووتنەوەی "ژن، ژیان، ئازادی" لەسەر بانگەوازی هاوپەیمانیی هێزە سیاسییەکانی کوردستانی ئێران، ئەمجەد ئەمینی باوکی شەهید ژینا ئەمینی سپاسنامەیەکی بڵاو کردەوە.
لەو پەیامەدا هاتووە کە "لە قووڵایی دڵمەوە سپاسی هەموو ئەو خەڵکە بەڕێزەی دەکەم کە ئەمڕۆ، لە ساڵیادی چوارەمین ساڵی لەدەستدانی کچە خۆشەویستەکەمان ژینا، هاوخەم و هاوکارمان بوون و یادی ژینایان بەرز ڕاگرت".
هەروەها لەو پەیامەدا ئاماژە بەوە کراوە کە "لەم ڕۆژە سەختانەدا، لە ناو هەموو کێشە و تەنگوچەڵەمە ئابووری و بژێوییەکاندا، داخستنی دووکان و وازهێنان لە کار بۆ هیچ کەسێک ئاسان نییە. ئەم هاوخەمی و خۆشەویستییە، بەهای ئەم هاودڵییەمان بۆ دوو هێندە دەکاتەوە".
لە بەشێکی دیکەی ئەو پەیامەدا نووسراوە "چوار ساڵ بەسەر ڕۆیشتنی ژینادا تێپەڕ دەبێت؛ چوار ساڵ کە بۆ ئێمە دایک و باوکی، داخی ئەو تەنانەت بۆ ساتێکیش کۆن نەبووە، بەڵام لە هەموو ئەم ساڵانەدا، سۆز و خۆشەویستیی خەڵک نەیهێشتووە لەم خەمەدا هەست بە تەنیایی بکەین".
هەروەها لە کۆتایی ئەو سپاسنامەیەدا هاتووە: "جارێکی تر بەدڵ و بە خاکەڕاییەوە سپاسگوزاری هاودڵی و هاوکاریی ئێوە خەڵکی ئازیزم و لە بەرانبەر گەورەیی ئێوەدا سەر دائەنوێنم".
موژگان ئێفتخاری، دایکی ژیناش لە پەیامێکدا نووسیویەتی: "ئەگەرچی ئەوان ماتەمینییەکی سادەمان پێ ڕەوا نابینن، ڕێگاکانی گەیشتن بە گۆڕستانی ئایچیان داخست، بەڵام بینیمان چۆن ئەمڕۆ هەموو کوردستان لە شنۆوە تا کرێند، سەلماندیان کە ڕێگای دڵی ئەم خەڵکە بەرەو یەکتر داخراو نییە".
ژینا ئەمینی، ٢٢ ساڵە و خەڵکی سەقز، لە خەرمانانی ١٤٠١دا پاش دەسبەسەرکرانی لەلایەن گەشتی ئێرشادی ڕێژیم لە تاران گیانی لەدەست دا. مەرگی ئەو شەپۆلێکی فراوانی ناڕەزایەتیی لە کوردستان و شارەکانی تری ئێران بەرز کردەوە و شۆڕشی «ژن، ژیان، ئازادی» لێکەوتەوە و بنەماڵەی ناوبراو سەرەڕای هەڕەشە و گوشاری ناوەندە سەرکوتکەرەکانی ڕێژیم لەسەر هەڵوێستی لێبڕاوانە و نەگۆڕیان سوور بوون و لە خوێنی کچەکەیان خۆش نەبوون.