ئەحمەد کەرەمی ئەسەد، جێگری پۆلیسی هاتوچۆی فەرماندەیی هێزی پۆلیسی ڕێژیم، ڕایگەیاند کە لەم مانگەدا تەنیا لە ڕێگای دەرەوەی شارەکاندا، زیاتر لە هەزار و ٦٠٩ کەس لە ئێران بەهۆی ڕووداوی هاتوچۆوە گیانیان لەدەست داوە.
ڕێکخراوی پزیشکی دادوەریی ڕێژیم ڕایگەیاندووە کە لە ساڵی ١٤٠٤ی هەتاویدا ١٩ هەزار و ٥٤٠ کەس لە ڕووداوەکانی هاتوچۆدا گیانیان لەدەست داوە و ئەم ژمارەیە بەراورد بە ساڵی پێش خۆی کە ژمارەی قوربانییان ١٩ هەزار و ٤٣٥ کەس بوو، گۆڕانکاری ئەوتۆی تێدا نەکراوە.
بەپێی ئامارە بڵاوکراوەکان، لە نێوان ساڵانی ١٣٧٣ هەتا ١٣٩٩ هەتاویدا زیاتر لە ٥٠٩ هەزار کەس لە ئێران بەهۆی ڕووداوەکانی هاتوچۆوە گیانیان لەدەست داوە.
ئاستی گەورەیی ئەو کارەساتە لەکاتێکدایە کە لە شەڕی هەشت ساڵەی ئێران و عێراقدا، کۆی گشتی کوژراوانی ئێران نزیکەی ١٩٠ هەزار کەس بووە.
ئەو ئامارانە تەنیا ئەو حاڵەتانە لەخۆ دەگرێت کە ناوی قوربانییان لە ناوەندە تەندروستییەکان و ڕێکخراوی پزیشکی دادوەریی ڕێژیمدا تۆمار کراون و ئاماری قوربانییانی ڕووداوی هاتوچۆی نێو شارەکانشی تێدا نییە.
نەبوونی کوالێتیی ڕێگاوبان، نزمیی کوالێتیی ماشینەکان و کەمتەرخەمییەکانی بەرپرسانی ڕێژیم هۆکاری سەرەکیی ڕوودانی ڕووداوی هاتوچۆ لە ڕێگاکانی کوردستان و ئێرانە کە دەبێتە هۆی گیانلەدەستدان و برینداربوونی ساڵانەی هەزاران کەس.