کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

بەردەوامیی گوشاری ناوەندە بەناو ئەمنییەتییەکانی ڕێژیم بۆ سەر بنەماڵەی چالاکانی سیاسیی دەرەوەی ئێران

13:43 - 27 خەرمانان 2726

لە درێژەی هێرش و گوشاری هێزەکانی سپا و ئیتلاعاتی سپا بۆ سەر بنەماڵەی چالاکانی سیاسیی دەرەوەی ئێران، لە پاڵ دەسبەسەرکردنی چەند کاتژمێریی باوکی بەساڵاچووی «محەممەد قادری»، چالاکی سیاسیی دەرەوەی ئێران لە پیرانشار، ماڵی ئەم بنەماڵەیەشیان پشکنیوە و بە تەواوی تێکیان داوە.

ڕۆژی پێنجشەممە ٢٦ی خەرمانان، هێزەکانی ئیتلاعاتی سپا لە پیرانشار، باوکی بەساڵاچووی «محەممەد قادری»، چالاکی سیاسیی دەرەوەی ئێران، بە ناوی «مام عەزیز قادری»، خەڵکی «پەسوێ»ی پیرانشاریان بانگ کردووە و بۆ ماوەی چەند کاتژمێرێک بە شێوەیەکی سەرەڕۆیانە دەسبەسەریان کردووە و خستوویانەتە ژێر لێپرسینەوەی توندەوە.

بەپێی ئەو ڕاپۆرتە، لە کاتی لێپرسینەوەی ناوبراودا، ژمارەیەکی زۆر لە هێزەکانی ئیتلاعاتی سپا هێرشیان کردووەتە سەر ماڵەکەیان و بەبێ بەڵگەی یاسایی، دەستیان بە پشکنینی بەربڵاو کردووە و بە توندوتیژی هەموو ماڵەکەیان تێکداوە و زیانیان بە بەشێک لە کەرەستە و کەلوپەلی ماڵەکەش گەیاندووە.

«مام عەزیز قادری» دوای بانگکردن، دەسبەسەرداگرتنی مۆبایلەکەی، دەسبەسەرکرانی سەرەڕۆیانە و لێپرسینەوە، ئازاد کراوە و سەرەڕای بەساڵاچوویی و پیرییەوە، کەوتووەتە ژێر هەڕەشەی توند و ئازار و ئەزیەتی ئەو ناوەندە سەرکوتکەرەی ڕێژیمەوە.

هەروەها سەرلەبەیانیی ڕۆژی شەممە ٢١ی خەرمانان، دەیان جاش و بەکرێگیراوی ڕێژیم، لە شەپۆلێکی ترس و تۆقاندنی شەوانەدا، هێرشیان کردە سەر ماڵی بنەماڵەی چەندین چالاکی سیاسیی دەرەوەی ئێران، لەوانە «ئارام گەردی» و «محەممەد یووسفی». هێزەکانی سپا لەپاڵ لێدانی توندی ئەندامانی بنەماڵەکان، دەستیان داوە بە وێرانکردنی فراوانی کەلوپەلی ماڵەکان و ڕادەی برینداربوونی بەشێک لە ئەندامانی بنەماڵەکان بە ڕادەیەک بووە کە بۆ نەخۆشخانە گوازراونەوە و خەوێندرابوون.

شایانی باسە لە ڕۆژانی ڕابردوودا، ماڵی بنەماڵەی ژمارەیەک لە چالاکانی سیاسیی دەرەوەی ئێران بوونەتە ئامانجی هێرشی هێزە بەناو ئەمنییەتییەکانی ڕێژیمەوە.