شارەزایانی کاروباری ناوچەکە ڕایانگەیاند کە کۆماری ئیسلامیی ئێران لەژێر گوشارە سەربازی و ئابوورییە ڕوولەزیادبووەکاندا، ڕووبەڕووی دوو سێناریۆی سەرەکی بووەتەوە؛ یان ناچار دەبێت ئاستی ڕووبەڕووبوونەوە و شەڕ لەگەڵ ئەمریکا بەرز بکاتەوە، یان لە کۆتاییدا لەنێوخۆوە هەڵوەشێتەوە.
نازی موعینی، ئەندامی یاریدەدەر لە دامەزراوەی ڕۆژهەڵاتی نێوەڕاست، لە بەرنامەی "داستان"دا ئاماژەی بەوە کرد کە هەردوو سێناریۆکە بە شێوەیەکی هاوكات ئەگەری ڕوودانیان هەیە.
ناوبراو جەختی کردەوە کە ڕێژیمی ئێران بە هۆکاری بەڵگەدار، لە ڕووی سەربازی و ئابوورییەوە لەژێر گوشارێکی تونددایە.
ئەم شیکەرەوەیە هەروەها وتی، تەواوی ئەو هەنگاوانەی واشنگتۆن تا ئێستا گرتوویەتی بەر، ئێرانیان یەک هەنگاو نزیکتر کردووەتەوە لە دۆخێک کە تێیدا ناچار بێت "قومار لەسەر هێڵی کۆتایی بکات و تەواوی توانای سەربازیی خۆی بۆ بەرزکردنەوەی تێچووی ئەمریکا بەکار بێنێت، یان ئەوەتا لە کۆتاییدا لەنێو خۆیەوە هەڵوەشێتەوە."
ئەم لێدوانانە لەکاتێکدا دێن کە دۆناڵد ترامپ، سەرۆککۆماری ئەمریکا ڕایگەیاندووە هیواخوازە شەڕ لەگەڵ ئێراندا لە کۆتاییەکانی نزیک بووبێتەوە، هاوکات سەرقاڵی هەڵسەنگاندنە بۆ بڕیارێکی گەورە لە نێوان توندترکردنی هێرشە سەربازییەکان بۆ تێکشکاندنی دەسەڵاتی کۆماری ئیسلامی یان گرتنەبەری ڕێگەیەک بۆ کۆتاییهێنان بەم ئاڵۆزییانە.