لە هەنگاوێکدا کە نیشانەی ئامادەکاری بۆ چوونە قۆناغێکی نوێی گرژییە سەربازییەکان لە ناوچەکەیە، کۆشکی سپی تاوتوێی ئۆپەراسیۆنێکی توندی سەربازی بۆ بەئامانجگرتنی بنکە ڕاداری و مووشەکییەکان لە نێوخۆی ئێراندا دەکات.
ماڵپەڕی "ئاکسیۆس" لەزاری سێ بەرپرسی ئەمریکایی ڕایگەیاند کە دۆناڵد ترامپ و ڕاوێژکارە باڵاکانی ئەمنییەتی نەتەوەیی سەرقاڵی هەڵسەنگاندنی پلانی هێرشی سنووردار بەمەبەستی لەنێوبردنی توانای سەربازیی ئێران لە بەئامانجگرتنی کەشتییەکان لە گەرووی هۆرمۆزدان.
ئەم پلانە لەلایەن فەرماندەیی ناوەندیی ئەمریکا (سێنتکام) بە پشتیوانیی پێت هێگسێت، وەزیری شەڕ داڕێژراوە، تا ڕێگری لە دووبارە ڕێکخستنەوەی سیستەمی بەرگریی ئاسمانی و سەکۆ مووشەکییەکانی سپای تێرۆریستیی پاسداران بکات.
لە دوای تەقاندنی مووشەکێک بەرەو فڕۆکەیەکی F-35ی ئەمریکا لە ڕۆژانی ڕابردوو کە ئەرکی پاراستنی کەشتییەکانی لە هۆرمۆز لە ئەستۆ بووە و هێرشە مووشەکییەکەی تاران بۆ سەر بنکەکانی ئەمریکا لە ئۆردۆن، واشنگتۆن بڕیاری وڵامدانەوەی توندی داوە.
سێنتکام جەخت دەکاتەوە کە بۆ بەردەوامیی هاتوچۆی نەوتهەڵگرەکان و پاراستنی ئەمنییەتی دەریایی، پێویستیان بە ئۆپەراسیۆنی دەورەیی هەیە بۆ پەکخستنی ژێرخانی سەربازیی ئێران.
لە بەرانبەردا کۆشکی سپی ڕایگەیاندووە سەرۆککۆماری ئەمریکا سەرجەم بژاردەکانی لەبەر دەستدایە و تاران بەهۆی دواکەوتنی لە گەیشتن بە ڕێککەوتن، دەرفەتەکان لەدەست دەدات.