کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

تورکیە مۆڵەتی چالاکیی بانکی میللەتی ئێرانی هەڵوەشاندەوە

08:38 - 28 خەرمانان 2726

دامەزراوە چاوەدێرییەکانی تورکیە مۆڵەتی چالاکیی لقی ئێستانبوڵی "بانکی میللەت"ی ئێرانیان هەڵوەشاندەوە؛ بەم بڕیارە کۆتایی بە ئامادەیی ٤٤ ساڵەی ئەم دامەزراوە داراییەی کۆماری ئیسلامی لە خاکی ئەو وڵاتەدا هات.

هەواڵدەریی "ڕویتێرز" ڕایگەیاند کە بڕیاری هەڵوەشاندنەوەی مۆڵەتی لقی ئێستانبوڵی بانکی میللەت (کە بنکەی سەرەکیی لە تارانە) لە ڕۆژنامەی فەرمیی تورکیەدا بڵاو کراوەتەوە.

ناوەندە چاوەدێرییەکانی ئانکارا بۆ پاشگەزبوونەوە لە بەخشینی مۆڵەت بەم بانکە، پشتیان بە یاساکانی سیستەمی بانکیی تورکیە بەستووە کە بە مەبەستی پاراستنی سەرمایەی بەشداربووان و پاراستنی سەقامگیریی دارایی داڕێژراون.

ئەگەرچی بەرپرسانی تورکیە ئاماژەیان بە کێشەیەکی تەکنیکیی تایبەت لە کارکردنی بانکی میللەتدا نەکردووە و بڕیارەکەیان بە شێوەیەکی ڕاستەوخۆ بە سزاکانی ئەمریکاوە نەبەستووەتەوە، بەڵام ئەم هەنگاوە هاوکات لەگەڵ زیادبوونی گوشار و هەوڵە بەربڵاوەکانی واشنگتۆن بۆ بەستنی تۆڕە داراییەکانی پەیوەندیدار بە کۆماری ئیسلامی بەڕێوە دەچێت.