دەزگای بەناو دادوەریی ڕێژیمی کۆماری ئیسلامی ڕایگەیاند کە "حوسێن پێدران"ی دوای مەحکوومکردنی بە «سیخوڕی بۆ ئێسرائیل» و «گواستنەوەی زانیاریی ناوەندە سەربازی و مووشەکییەکانی ئێسفەهان و کارمەندەکانیان بۆ مووساد»، لە سێدارە دا.
هەواڵدەریی میزان، سەر بە دەزگای بەناو دادوەریی ڕێژیم، ئەمڕۆ شەممە ٢٨ی خەرمانان لەسێدارەدانی ئەو بەندکراوەی بە تۆمەتی سیخوڕی بۆ ئیسرائیل و ئەمریکا ڕاگەیاند.
سەرچاوە زانیارییەکان باس لەوە دەکەن کە دەزگای بەناو دادوەریی ڕێژیم هیچ بەڵگەیەکی سەلمێندراوی لە دژی ئەو بەندکراوە کەمەڕ سیخوڕی بۆ ئیسرائیل و ئەمریکا نەخستووەتە ڕوو.
لە مانگەکانی ڕابردوودا، ڕێژیمی کۆماری ئیسلامی شەپۆلێکی نوێی سەپاندنی سەرکوتکاری لە دژی هاووڵاتییان لە ڕێگەی بانگکردن و دەسبەسەرکردنی بەکۆمەڵ، دەرکردنی سزای قورسی زیندان و زیادبوونی بەرچاوی لەسێدارەدان دەست پێکردووە.
چالاکانی مافی مرۆیی ڕایانگەیاندووە کە کۆماری ئیسلامی بەتایبەتی دوای گرژییە سەربازییەکانی ئەم دواییە لەگەڵ ئەمریکا و ئیسرائیل، بە مەبەستی دروستکردنەوەی کەشی ترس و تۆقاندن، هەوڵ دەدات پێش بە تووڕەیی خەڵک لە دژی قەیرانە گەشەسەندووە ئابووری و سیاسییەکان بگرێت.
پێشتر ڤۆلکێر تورک، کۆمیسیاری باڵای مافی مرۆیی نەتەوە یەکگرتووەکان، لە مانگی خەرمانانی ١٤٠٥دا ڕایگەیاند کە لە ماوەی نزیکەی چوار مانگ و نیوی ڕابردوودا، لانیکەم ٥۶ زیندانی سیاسی لە ئێران لە سێدارە دراون و زیاتر لە ١٠٠ کەسی تریش مەترسیی لەسێدارەدانیان لەسەرە.
هەروەها لە دۆسییەیەکی تری پەیوەندیدار بە ئێسرائیلدا، ئومید بێهزاد و پووریا سەفوەتی بە تۆمەتی «سیخوڕی» و «هاوکاریی هەواڵگرییە دەرەکییەکان» لە سێدارە دراون.
دامەزراوە مافی مرۆییەکان چەندین جار هۆشدارییان داوە کە خێراکردنی لێکۆڵینەوە ئەمنییتییەکان، پشتبەستن بە دانپێدانانی زۆرەملێ و سنورداربوونی دەستپێڕاگەیشتن بە پارێزەر، مەترسیی جێبەجێکردنی سزای سێدارە دوای دادگاییکردنی نادادپەروەرانە زیاد کردووە.