کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

شۆرای ئەمنییەت هۆشداریی توندی دایە حوسییەکان

11:17 - 28 خەرمانان 2726

شۆرای ئەمنییەتی نەتەوە یەکگرتووەکان هۆشداریی توندی دایە حوسییەکانی یەمەن کە بەپەلە کۆتایی بە هێرشەکانیان بۆ سەر خەڵکی ئاسایی و ناوچەکانی دیکەی یەمەن و عەرەبستان بهێنن و جەختی لەسەر گرنگیی دۆزینەوەی چارەسەری سیاسی بۆ دۆخی وڵاتی یەمەن و شەڕ و ئاڵۆزییەکان کردەوە.

شۆرای ئەمنییەت باسکردنی دۆخی یەمەن و گەرووی "بابولمەندەب"ی کردە تەوەری سەرەکیی کۆبوونەوەی ئەمجارەی و لە ڕاگەیەندراوی کۆتایی کۆبوونەوەکەدا، داوای لە حوسییەکان کرد بەپەلە هێرشەکانیان ڕابگرن و خۆیان لە فراوانکردنی زیاتری گرژییەکان بپارێزن.

هاوکات شۆرای ئەمنییەتی نەتەوە یەکگرتووەکان باسی لەوە کردووە کە پێویستە حوسییەکان ئەو هێرشانە ڕابگرن کە دەبنە هۆی زیانگەیاندن بە خەڵکی مەدەنی.

ئەو شۆرایە داوای لە سەرجەم لایەنە پەیوەندیدارەکان کرد لەپێناو هێنانەدی چارەسەری ئاشتیانە و دۆزینەوەی چارەسەری سیاسی بۆ دۆخی یەمەن بەشدار بن.

لە ماوەی چەند مانگی ڕابردوودا، حوسییەکانی یەمەن بە فیت و هاندانی ڕێژیمی کۆماری ئیسلامیی ئێران سیاسەتی گەمارۆی دەریاییان لە دژی عەرەبستانی سعوودییە پەیڕەو کرد.

گەرووی بابولمەندەب یەکێکە لە گرنگترین رێڕەوە ئاوییەکانی جیهانە و بەشێکی زۆری نەوت و کاڵای بازرگانیی جیهان لەو ڕێگەیەوە دەگوازرێتەوە. کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی و شۆرای ئەمنییەت چەندین جار کۆبوونەوەیان لەسەر ئەم پرسە ئەنجام داوە و هۆشدارییان بە حوسییەکان داوە و ڕایانگەیاندووە کە بەردەوامیی گرژییەکان مەترسیی گەورە لەسەر سەقامگیریی ڕۆژهەڵاتی ناڤین و ئابووریی جیهان دروست کردووە.