دوناڵد ترامپ، سەرۆککۆماری ئەمریکا، پشتگیریی خۆی بۆ ڕاپەڕینی خەڵکی ئێران دژی کۆماری ئیسلامی دەربڕی و ڕایگەیاند کە "حکوومەتی ئێران ڕۆژ بە ڕۆژ لاوازتر دەبێت".
ڕۆژی چوارشەممە ١١ی خەرمانان دۆناڵد ترامپ ڕایگەیاند پێشتر کۆماری ئیسلامی دەیتوانی تەقە لە خەڵکی ڕاپەڕیوی ئێران بکات و بینیمان کە چۆن تەقەیان لێ دەکات و ڕەنگە ٦٥ هەزار ناڕازیان کوشتبێت، بەڵام ئێستا ئیتر ئەو تواناییەی نەماوە و ناتوانێت وەک پێشوو ڕاپەڕینەکان سەرکوت بکات.
سەرۆککۆماری ئەمریکا هەروەها ڕایگەیاند کە هێزەکانی رێژیم چەکی قورس و قەناسەیان دژی ناڕازییان بەکار دەهێنا و ئەم سەرکوتکردنە دڕندانەی بە هۆکاری سەرەکیی ئامادەنەبوونی بەرفراوانی خەڵک لەسەر شەقامەکان زانی.
ترامپ جەختی کردەوە کە تەنیا کێشە کاتە، تاوەکوو حکوومەتی ئێران ئیتر لە بەرانبەر ڕاپەڕینێکی بەرفراوانتردا نەتوانێت خۆی ڕابگرێت.
ئەو قسانەی ترامپ لە کاتێکدایە کە هاوکات غوڵامحوسێن موحسێنیی ئێژەیی، سەرۆکی دەزگای بەناو دادوەریی ڕێژیم لە چەند ڕۆژی ڕابردوو بە ئاشکرا هەڕەشەی کرد کە هێزە ئەمنییەتی و سەربازییەکان لە بەرزترین ئاستی ئامادەییدان و لە ئەگەری بەشداری لە هەر خۆپیشاندانێکدا، وڵامێکی سەخت و زۆر توندتر لە پێشوو بە ڕاپەڕین و ناڕەزایەتیی خەڵکی ئێران دەدەنەوە.
هەروەها ئەحمەدڕەزا ڕادان، فەرماندەی گشتیی هێزی ئینتزامی و حوسێن تائیب، سەرۆکی بەسیج، نیگەرانیی خۆیان سەبارەت بە ناڕەزایەتییەکانی بەرهەمی قەیرانی بژێوی و بەنزین دەربڕیوە و جەختیان لەسەر هەنگاوە پێشگیریکەرەکان کردبووەوە.
شایانی باسە لە ماوەی ساڵەکانی ڕابردوودا چەندین ڕاپەڕین و بزووتنەوەی گەورە لە ئێران وەک ناڕەزایەتییەکانی خەزەڵوەری ٩٨، بزووتنەوەی "ژن، ژیان، ئازادی" و ناڕەزایەتییە بەربڵاوەکانی مانگی بەفرانباری ساڵی ڕابردوو ڕوویان دا کە بەرپرسانی ڕێژیمیان بە تەواوی ترساند و بەو هۆیەوە بە توندترین و دڕندانەترین شێوە دەستیان دایە سەرکوتی ناڕەزایەتییەکان کە تەنیا لە ناڕەزایەتییەکانی مانگی بەفرانباردا، نزیک بە ٧٠ هەزار کەس بە تەقەی ڕاستەوخۆی هێزەکانی ڕێژیم کوژران.