کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

تێچووە سەربازییەکانی ئەمریکا لە شەڕی ئێراندا بۆ نزیکەی ٤٤ میلیارد دۆلار بەرز بوونەوە

15:03 - 29 خەرمانان 2726

بەپێی هەڵسەنگاندنێکی نوێی فەرماندەیی ناوەندیی ئەمریکا (سێنتکام)، تێچووەکانی ئەرتەشی ئەمریکا لە شەڕ لەگەڵ ئێراندا بۆ نزیکەی ٤٣.٦ میلیارد دۆلار زیادی کردووە و تەنیا تێچووی چەک و تەقەمەنییەکان زیاتر لە ٦ میلیارد دۆلار بەرزبوونەوەی بەخۆیەوە بینیوە.

هەواڵدەریی "ئاسۆشەیتێدپرێس" بڵاوی کردووەتەوە کە ئەم خەمڵاندنە نوێیە تا ٣ی سێپتامبر ئەژمار کراوە. ئەمەش لەکاتێکدایە کە پێشتر نووسینگەی بودجەی کۆنگرە تا یەکەمی ئاگۆست، کۆی تێچووەکانی ئەم ئاڵۆزییەی بە ٣٨ میلیارد دۆلار خەمڵاندبوو.

بەپێی ئەو ڕاپۆرتە، دابینکردنی چەک و تەقەمەنی، گەورەترین پشکی لەم تێچووانەدا بەرکەوتووە، بە شێوەیەک کە تێچووی تەقەمەنییەکان گەیشتووەتە ٢٨.١ میلیارد دۆلار؛ لە کاتێکدا لە هەڵسەنگاندنەکەی پێشوودا ٢١.٧ میلیارد دۆلار بووە.

جگە لە چەک، تێچووە سەربازییەکان وەگەڕخستنی کەشتییە جەنگییەکان، فڕۆکەکان، بنکە سەربازییەکان، زیانی کەلوپەل و پشتیوانیی پزیشکی بۆ هێزەکانی ئەمریکا دەگرێتەوە.

ئەم ئامارە نوێیانە لەکاتێکدا دەردەکەون کە دەوڵەتی ترامپ هەوڵ دەدات ڕەزامەندیی کۆنگرە بۆ بودجەیەکی سەربازیی ١.٥ تریلیۆن دۆلاری و کۆمەڵە بودجەیەکی جیاوازی ٩٥ میلیارد دۆلاری بەدەست بێنێت، کە بەشێک لە تێچووی شەڕی ئێران و ئەولەوییەتەکانی تر دابین دەکات.

پێنتاگۆن ڕایگەیاندووە لە ڕەوتی ئەم ئاڵۆزییانەدا ١٨ سەربازی ئەمریکایی کوژراون و زیاتر لە ٨٣٠ کەسی تریش بریندار بوون.

هاوکات لەگەڵ ئەوەش، ئەم خەمڵاندنە نوێیە ئەو زیانانە ناگرێتەوە کە لە ئەنجامی هێرشە مووشەکی و دڕۆنییەکانی ئێراندا بەر بنکەکانی ئەمریکا لە ڕۆژهەڵاتی نێوەڕاست کەوتوون.