کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

دابەزینی ٥٦ لەسەدیی ئاڵوگۆڕی بازرگانیی نێوان ئێران و چین لە هەشت مانگی یەکەمی ٢٠٢٦دا

15:06 - 29 خەرمانان 2726

ئامارە نوێیەکانی گومرگی چین دەریانخستووە کە ئاڵوگۆڕی بازرگانیی نانەوتیی نێوان ئەو وڵاتە و ئێران، بە ڕێژەی ٥٦ لەسەد دابەزیوە و لە هەمان کاتدا ڕادەی هەناردەکردنی نەوتی ئێرانیش بۆ چین ڕووی لە کەمی کردووە.

بەپێی ئامارەکانی گومرگی چین، لە هەشت مانگی سەرەتای ئەمساڵدا چین بە بەهای ٢ میلیارد و ٢٤٨ میلیۆن دۆلار کەلوپەلی بۆ ئێران هەناردە کردووە، کە ئەم ئامارە بەراورد بە هەمان ماوەی ساڵی ڕابردوو ٥١ لەسەد کەمی کردووە.

لەلایەکی ترەوە، هاوردەی نانەوتیی چین لە ئێرانەوە لەم ماوەیەدا تەنیا ٧٤٥ میلیۆن دۆلار بووە، کە دابەزینی بەڕێژەی ٦٦ لەسەد نیشان دەدات.

ئەگەرچی گومرگی چین ئاماری هاوردەکردنی نەوتی ئێران لە بەڵگەنامە فەرمییەکانی ئاڵوگۆڕی بازرگانییدا تۆمار ناکات، بەڵام زانیارییەکانی شیرکەتی "کێپلێر" ئاماژە بەوە دەکەن کە چین لە هەشت مانگی سەرەتای ساڵی ٢٠٢٦دا بە تێکڕا ڕۆژانە یەک میلیۆن و ٢٢٥ هەزار بەرمیل نەوتی لە کۆماری ئیسلامی وەرگرتووە، کە ئەمەش بەراورد بە هەمان ماوەی ساڵی ڕابردوو ١٥ لەسەد کەمی کردووە.