گرانیی بەردەوامی بەرهەمە خۆراکییەکان و دابەزینی توانای کڕینی بنەماڵەکان، خۆراکی قوتابییانی لە ئێران ڕووبەڕووی قەیرانێکی جیددی کردووەتەوە؛ دۆخێک کە لێکەوتەکانی لە کەمبوونی ماددە بەسوودەکانی لەشەوە دەست پێ دەکات تا دەگاتە دابەزینی ئاستی تەرکیز و فێربوونی منداڵان.
شەهاب ئەولیایی، پسپۆڕی خۆراک لە لێدوانێکدا بۆ ڕۆژنامەی "جیهانی سەنعەت" ڕایگەیاندووە، بەرزبوونەوەی نرخی خواردەمەنی بڕست و توانای لە خێزانە کەمداهاتەکان بڕیوە و بووەتە هۆی سڕینەوەی گۆشت، مریشک، ماسی، میوە و بەرهەمە شیرییەکان لەسەر سفرەیان؛ بە جۆرێک خواردنە هەرزانتر و کەمبایەخەکان جێگەیان گرتوونەتەوە.
هاوكات وەزارەتی پەروەردە ڕایگەیاندووە لە حاڵەتی دابیننەکردنی شیری قوتابخانەکاندا، نانی پیتێنراو دەکرێتە جێگرەوەی؛ ئەم بڕیارەش نیگەرانییەکانی سەبارەت بە دابەزینی کوالێتیی خۆراکی قوتابییان قووڵتر کردووەتەوە.
لەکاتێکدا بنەماڵەکان لەگەڵ گرانیی لەڕادەبەدەری بژێویدا بەرەوڕوون، جێبەجێکردنی پرۆژەکانی وەک دابەشکردنی شیری خۆڕایی لە قوتابخانەکان لە ساڵانی ڕابردوودا بەردەوام تووشی کەمیی بودجە و ڕاوەستان بوونەتەوە.
ئەم دۆخە دەریدەخات کە گوشاری ئابووری لە ئێراندا تەنیا لەسەر سفرەی بنەماڵەکان نەماوەتەوە، بەڵکوو کاریگەریی ڕاستەوخۆی لەسەر تەندروستی و داهاتووی منداڵانیش دروست کردووە.