بە گوێرەی ڕاپۆرتی ڕۆژنامەی "ئۆرشەلیم پۆست"، ئەرتەشی ئیسرائیل بۆ دەستپێکردنەوەی خێرای هێرشەکان بۆ سەر ڕێژیمی ئێران ئامادەیە و بەرنامەی ئەتۆمیی تاران بە ئامانجی سەرەکی دەزانێت و بێنیامین نێتانیاهوو سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیل هۆشداری دا کە هێرشی ئەگەریی تاران بۆ سەر ئیسرائیل "یەکێک دەبێت لە دوا بڕیارەکانیانی ئێران".
بەپێی ڕاپۆرتی ئۆرشەلیم پۆست، نێتانیاهوو ڕۆژی چوارشەممە ۱۱ی خەرمانان، ڕایگەیاندووە: "دەسەڵاتی ئێران هێرش دەکاتە سەر وڵاتانی جیاواز و هەڕەشەیان لێدەکات، بەڵام لە دەرئەنجامەکانی هێرشکردنە سەر ئیسرائیل ئاگادارە و ناوێرێت ئەو کارە بکات".
سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیل هەروەها جەختی کردەوە کە ئیسرائیل دۆخی ئەمنی ناوچەکەی گۆڕیوە و یەک بە دوای یەک هەڕەشەکانی بەردەمی خۆی لەنێو دەبات.
نێتانیاهوو لە لێدوانێکیدا ئاماژەی بە ئۆپەراسیۆنی ئیسرائیل لە غەززە و کوژرانی ژمارەیەکی بەرچاو لە سەرکردەکانی حەماس و چەکدارەکانی تری سەر بە دەستوپێوەندییەکانی ڕێژیمی کۆماری ئیسلامی کردووە.
ئەم لێدوانانە لە کاتێکدایە کە هێزی ئاسمانیی ئیسرائیل لە ئێستادا ئامادەباشیی تەواودایە و دەتوانێت لە ماوەیەکی کەمدا هێرشەکانی دژی دەسەڵاتی ئێران دەست پێبکاتەوە.
هەروەها سەرچاوەیەکی ئەمنی ئیسرائیلی ڕایگەیاندووە: :ئێمە دەزانین چۆن لە ماوەیەکی کەمدا، جارێکی تر ڕێگای گەیشتن بە دڵی تاران خۆش بکەینەوە".
بەرپرسانی بەرگریی ئیسرائیل لەبارەی کاتی ئەگەری پێکدادانێکی نوێ و هێرش بۆ سەر کۆماری ئیسلامی بیروڕای جیاوازیان هەیە و ئەرتەشی ئیسرائیل ڕایگەیاندووە کە بۆ هەموو هێرش و سێناریۆیەک ئامادەیە.
لەو پێوەندییەدا سێ سەرچاوەی دیپلۆماسیی ئیسرائیلی ڕایانگەیاندووە کە لە ئەگەری هێرشێکی دووبارەدا، بەشە ماوەکانی بەرنامەی ئەتۆمیی ئێران، لەوانەش ئۆرانیۆمی پیتێندراو لە ئاستی بەرهەمهێنانی چەکی ئەتۆمیدا، ئامانجی یەکەمی هێرشەکان دەبێت و هێرشکردنە سەر پێکهاتەی دەسەڵات یان ژێرخانە هەستیارەکان دەبنە ئامانجی دووەمی ئەرتەشی ئیسرائیل.