کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

یەکیەتیی پیشەیی مامۆستایانی کوردستانی ئێران: مافی پەروەردە بەبێ جیاوازی مافێکی بنەڕەتی و حاشاهەڵنەگری هەموو منداڵێکە

15:16 - 29 خەرمانان 2726

یەکیەتیی پیشەیی مامۆستایانی کوردستانی ئێران بەبۆنەی دەسپێكی ساڵی نوێی خوێندنی ١٤٠٥ـــ ١٤٠٦، ڕاگەیەندراوێکی بڵاو کردەوە و سەرەڕای باسکردن لە قەیرانە سیاسی، ئابووری و پەروەردەییەکانی ڕێژیمی کۆماری ئیسلامی، جەختی کردەوە کە مافی پەروەردە بەبێ جیاوازی، مافێکی بنەڕەتی و حاشاهەڵنەگری هەموو منداڵێکە.

لە سەرەتای ڕاگەیەندراوەکەدا هاتووە: "لەکاتێکدا لە یەکی ڕەزبەر نزیک دەبینەوە کە پەروەردە لە ئێران، زیاتر لە هەر کاتێکی دیکە، لە ڕێڕەوی سروشتی و مرۆیی خۆی دوور کەوتووەتەوە".

لە بەشێکی دیکەدا ئاماژە بەوە کراوە کە "قەیرانە سیاسی، کۆمەڵایەتی، ئابووری و سەربازییەکانی ساڵی ڕابردوو، ژیانی خەڵک و بە تایبەتی ئاسایش، پەروەردە و داهاتووی منداڵان و لاوانیان خستووەتە مەترسییەوە".

لەبەشێکی دیکەدا باس لە دۆخی پەروەردەیی کوردستان کراوە و نووسراوە "ئەم دۆخە لە کوردستان، بەهۆی بێبەشکردنی مێژوویی، کەمیی ئێمکانات، لاوازیی ژێرخانە پەروەردەییەکان و کێشە ئابوورییەکانی بنەماڵەکان، قورسترە".

هەروەها نووسراوە "قوتابییانی کوردستان ساڵانێکە لەگەڵ هەڵاواردن و نایەکسانی لە بواری پەروەردەدا دەستەویەخەن و قەیرانە نوێیەکانیش زیاتر باری گران کردوون".

یەکیەتیی پیشەیی مامۆستایانی کوردستانی ئێران لەسەر ئەو بڕوایەیە کە "ڕووداوەکان جارێکی دیکە نیشانیان دا کە لە کاتی قەیراندا، داهاتووی نەوەی نوێ بە ئاسانی دەبێتە قوربانیی بڕیارە سیاسی و سەربازییە نابەرپرسانەکان".

مامۆستایان بەڕوونی ڕایانگەیاند کە بەشێکی سەرەکیی ئەم قەیرانانە ئەنجامی سیاسەتە هەڵە و ناکارامەکانی کۆماری ئیسلامییە.

هەروەها لە بەشێکی دیکەی ڕاگەیەندراوەکەدا نووسراوە کە "کوردستان هەمیشە یەکێک لەو ناوچانە بووە کە چالاکانی مەدەنی، پیشەیی و کۆمەڵایەتی تێیدا ڕووبەڕووی گوشار و چاودێریی ئەمنیی زیاتر بوونەتەوە".

لەو ڕاگەیەندراوەدا باس لەوە کراوە کە "هیچ منداڵێک نابێت بەهۆی زمان، نەتەوە، ڕەگەز، شوێنی لەدایکبوون یان بارودۆخی ئابووری و کۆمەڵایەتییەوە، لە پەروەردەیەکی خۆڕایی، یەکسان و کوالێتی‌بەرز بێبەش بکرێت".