سەرلەبەیانیی ئەمڕۆ پێنجشەممە ١٢ی خەرمانان، ڕێژیمی کۆماری ئیسلامی بۆ جارێکی دیکە هێرشی کردەوە سەر وڵاتانی کەنداو و ئەرتەشی کوەیت ڕایگەیاند کە هێزی دژەئاسمانیی وڵاتەکەیان هێرشە مووشەکی و دڕۆنییەکانی ئێرانیان تێکشکاندووە.
ئەرتەشی کوەیت لە بەیاننامەیەکدا ڕایگەیاند کە بەرگریی ئاسمانیی ئەو وڵاتە، سەرجەم ئەو "هێرشە مووشەکی و دڕۆنییە دوژمنکارییانەی کۆماری ئیسلامییان" خستووەتە خوارەوە.
هەروەها دەنگوڕەنگی کۆماری ئیسلامی هەواڵی ئەم هێرشەیان بڵاو کردوە و بە "وڵامی جینایەتەکانی ئەمریکا"یان لەقەڵەم داوە.
هاوکات هەواڵدەریی تەسنیم سەر بە سپای تێرۆریستیی پاسداران، بێ ئاماژەدان بە وردەکاریی زیاتر نووسیویەتی: "بنکەکانی ئەمریکا لە کوەیت بە مووشک و دڕۆن کرانە ئامانج".
کوەیت، ئۆردۆن و بەحرەین، بەرەبەیانیی ڕۆژی چوارشەممە ١١ی خەرمانان بۆ جارێکی دیکە کەوتوونەتە بەر هێرشە تێرۆریستییەکانی ڕێژیمی ئێران.
ئەم هێرشانە دوای ئەوە ئەنجام دران کە ئەرتەشی ئەمریکا لە ئێوارەی ڕۆژی سێشەممەوە تاوەکوو بەرەبەیانی ڕۆژی چوارشەممە هێرشی کردە سەر مۆڵگە سەربازییەکانی سپای پاسداران لە ٦ پارێزگای ئێران.
شایانی باسە لە سەرەتای شەڕی ٤٠ ڕۆژەوە هەتا ئێستا ڕێژیمی کۆماری ئیسلامی بە زیاتر لە ٦٢٠ دڕۆن، ٣١٢ مووشەکی بالستیک کوەیت کە زۆربەیان شوێنی نیشتەجێبوونی خەڵکی ئاسایی بووە، کردووەتە ئامانج و زۆربەشیان لە هەر ئاسماندا تەقێندراونەتەوە.