لەگەڵ بەردەوامبوونی قەیرانی بژێوی لە ئێران، کۆمەڵێک لە خانەنشینکراوان و لاوانی خوازیاری هەلی کار لە چەندین شاری ئێران، لە دژی بێکاری و کێشەکانی بژێوی، دەرمان، بیمە، نادادپەروەری و هەڵاواردن کۆبوونەوەی ناڕەزایەتییان بەڕێوە برد.
خانەنشینکراوانی ئیدارەی دابینکردنی کۆمەڵایەتی (تأمین اجتماعی) ڕۆژی یەکشەممە ٢٩ی خەرمانان لە شارەکانی ئەهواز، تاران، ڕەشت، شووش و کرماشان کۆ بوونەوە.
خانەنشینکراوان بە کۆبوونەوە لە بەرانبەر ئیدارەی پێوەندیداردا، ناڕەزایەتییان لەمەڕ مووچەکانی ژێر هێڵی هەژاری، بەرزبوونەوەی تێچووی ژیان، کەمیی مووچە، تێچووی دەرمان و دواکەوتنی درێژخایەنی دانانی مووچەی دواکەوتوو دەربڕی.
هەروەها لە تاران، خانەنشینکراوان دروشمی وەک «بەڵێن و پەیام بەسە، سفرەی ئێمە خاڵییە»، «لە شەڕ بێزارین، بژێویشمان نییە» و «هاوار، هاوار، لەم هەموو ستەمە»یان وتووەتەوە.
خانەنشینکراوانی ئیدارەی دابینکەری کۆمەڵایەتی لە ساڵانی ڕابردوودا بەردەوام لە شارە جیاوازەکانی ئێراندا لە دژی پشتگوێخستنی داواکاریی باشترکردنی دۆخی بژێوی، دەرمانی و یاساییەکانیان کۆ بوونەوە و ڕێپێوانی ناڕەزایەتییان بەڕێوە بردووە.
هاوکات گرووپێک لە خانەنشینکراوانی پیشەسازیی پۆڵای ئێسفەهان ڕۆژی یەکشەممە ٢٩ی خەرمانان لە دژی نالەباربوونی دۆخی بژێوی و داواکارییەکانیان کۆ بوونەوە.
لەو کۆبوونەوە ناڕەزایەتییەدا، دروشمی «وڵاتی پڕداهات، چیت بەسەر هات»یان وتووەتەوە.
هەروەها لاوانی خووزستان ڕۆژی یەکشەممە جارێکی تر لە بەرانبەر ئیدارەی کشتوکاڵی و پیشەسازیی نەیشەکەری دەعبەل خەزاعی کۆ بوونەوە و داوای دامەزراندنی هێزی مرۆیی خۆجێییان کردووە.
ناڕازییان لەو کۆبوونەوەیەدا ڕایانگەیاندووە، کە نزیکەی دوو حەفته پێش ئێستا، مەرجەکانی نزیکەی ٢٠٠ هەلی کار بۆ داخوازیی دامەزراندن ڕادەست کرابوون، بەڵام سەرەڕای وەرگرتنی هێزی نوێ لەو شیرکەتەدا، هیچ وڵامێک بە داواکارییەکانیان نەدراوەتەوە.
بەرزبوونەوەی تێچووی ژیان و دابەزینی بەهای ڕیاڵ، توانای کڕینی کرێکاران و خانەنشینکراوانی کەم کردووەتەوە و کەلێنی نێوان داهات و تێچووی ڕۆژانەی قووڵتر کردووەتەوە؛ دۆخێک کە بووەتە هۆی زیادبوونی ناڕەزایەتییەکان و خۆپیشاندانە بژێوییەکان و توندتربوونەوەی داواکارییەکان بۆ زیادکردنی مووچەکان و ناڕەزایەتی بە نادادپەروەری و هەڵاواردن لە ئێران و کوردستان.