ناوەندی ئاماری ڕێژیم ڕایگەیاند کە ڕێژەی گەشەی ئابووریی وڵات لە سێ مانگی سەرەتای ئەمساڵدا گەیشتووەتە ١٠.١ لەسەد لەژێر سفر. ئەم دابەزینە بەرچاوە لەژێر کاریگەریی ڕاستەوخۆی شەڕی ٤٠ ڕۆژە، گەمارۆی دەریایی و هەڵاوسانی ٨٠ لەسەدیدا ڕووی داوە.
بەپێی ڕاپۆرتی فەرمیی ناوەندی ئاماری ئێران، بەرهەمی نێوخۆیی خاو لە سێ مانگی یەکەمی ئەمساڵدا گەیشتووەتە ۲۱ هەزار و ۷۹۵ میلیارد ڕیاڵ، کە بەراورد بە هەمان ماوەی ساڵی ڕابردوو (۲٤ هەزار و ۲۵۵ میلیارد ڕیاڵ) زیاتر لە ۱۰ لەسەد کەمی کردووە.
لە نێوان کەرتە جیاوازەکاندا، تەنیا کەرتی کشتوکاڵ گەشەی ئەرێنیی ۲.۳ لەسەدی تۆمار کردووە؛ لە بەرانبەردا کەرتی پیشەسازی و کەرتی کانزایی بە ڕێژەی ۱۴.۷ لەسەد لەژێر سفر و کەرتی خزمەتگوزاری بە ڕێژەی ٤.٨ لەسەد لەژێر سفر تووشی داڕمانی قووڵ بوونەتەوە.
ئەم دابەزینە ئابوورییە بەرچاوە لەکاتێکدایە کە هەڵاوسان سنووری ٨٠ لەسەدی بەزاندووە و بەهای دۆلاری ئەمریکا لە بەرانبەر ڕیاڵدا ڕیکۆردی نوێی تۆمار کردووە.
هاوکات بەرپرسانی ڕێژیم دانیان بە پەککەوتنی وزە و گۆشەگیریی توندی بازرگانییدا ناوە؛ بەتایبەت کە قۆناغی دووەمی گەمارۆی دەریایی ئەمریکا بۆ سەر بەندەرەکانی ئێران کە لە ٢٣ی پووشپەڕەوە دەستی پێکردووە، هەروەها بەردەوامە.