دۆناڵد ترامپ، سەرۆککۆماری ئەمریکا ڕایگەیاند کە لەسەر هەنگاوی داهاتووی واشنگتۆن سەبارەت بە کۆماری ئیسلامیی ئێران لە "قۆناغی بڕیاردان"دایە و جەختی کردەوە لە داهاتوویەکی نزیکدا ڕووداوی زۆر گەورە ڕوو دەدەن.
دۆناڵد ترامپ لە هەڤپەیڤینێکدا لەگەڵ پەیامنێری کاناڵی "فاکس نیوز"، ڕایگەیاند بژاردەکانی بەردەم واشنگتۆن بریتیین لە: "لەنێوبردنی تەواوەتیی کۆماری ئیسلامی، بەردەوامیدان بە گۆشەگیری و ڕووخاندنی ڕێژیم لەژێر گوشاری دارایی، یان گەیشتن بە ڕێککەوتن."
ترامپ ئاماژەی بە ئەگەری کردەوەی سەربازیی بەربڵاو کرد و وتی: "ئێستا پرسیارەکە ئەوەیە ئەم کردەوەیە چۆن و کەی ئەنجام دەدرێت؛ باشتر وایە ئەوان هیچ هەڵەیەک نەکەن."
لە وڵامی پرسیاری کۆبوونەوە لەگەڵ سەرۆککۆماری ئێران لە نیویۆرک، ترامپ ڕەتی نەکردەوە چاوی بە مەسعوود پزیشکیان بکەوێت و وتی: "ئەگەری هەیە."
سەرۆککۆماری ئەمریکا ئاماژەی بەوەش کرد کە یەکێک لە ئاستەنگەکانی بەردەم ڕێککەوتن ئەوەیە کە بەشێک لە بەرپرسانی کۆماری ئیسلامی "وەک مشک خۆیان شاردووەتەوە."
ناوبراو ڕوونیشی کردەوە کە ئەمریکا لەلایەک لەگەڵ بڕیاربەدەستانی ڕێژیم بەرەوڕووە و لەلایەکی ترەوە لەگەڵ فەرماندە توندڕەوەکانی سپای پاسداران کە بەردەوامن لە هەوڵەکانیان بۆ هێرشکردنە سەر هێزەکانی ئەمریکا.
ئەم لێدوانانەی ترامپ لەکاتێکدان کە بڕیارە لە پەراوێزی کۆبوونەوەی نەتەوە یەکگرتووەکاندا لەگەڵ ڕێبەرانی عەرەبستان، ئێمارات، قەتەر، بەحرەین، کوەیت و عومان کۆ ببێتەوە تا پێش بڕیاری کۆتایی، ڕاوێژ لەگەڵ هاوپەیمانە ناوچەییەکان بکات.
هاوکات گەمارۆی دەریایی ئەمریکا بۆ سەر کۆماری ئیسلامی بەردەوامە و هێزەکانی ئەمریکا جەختیان لەسەر دەستەبەرکردنی ئەمنییەتی هاتوچۆی نەوت و گاز لە گەرووی هۆرمۆز کردووەتەوە.