کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

ناڕەزایەتیی لاوانی عەرەبی ئەهواز بە بێکاری پێی نایە چوارەمین ڕۆژی خۆیەوە

10:09 - 12 خەرمانان 2726

ماوەی چوار ڕۆژە لاوانی عەرەبی ئەهوازی سەبارەت بە بێکاری، هەژاری و نادادپەروەریی سیستماتیکەوە لە ناڕەزایەتییان بەردەوامن و سەرەڕای هەوڵی سەرکوت و پەرتەوازەکردنی ناوەندە سەرکوتکەرەکانی ڕێژیم، لەسەر مافە ڕەواکانیان سوورن.

بەپێی ڕاپۆرتە مافی مرۆییەکان، لە ڕۆژی دووشەممە ٩ی خەرمانانەوە لاوانی شاری ئەهواز بەرانبەر بە سیاسەتی نادادپەروەرانەی دامەزراندن لەسەر ڕێگای "شیرکەتی کشتوکاڵی و پیشەسازیی قامیشی دەعبەل خەزاعی"، کۆبوونەوەی ناڕەزایەتییان بەڕێوە بردووە و هەتا ئێستا ئەو کۆبوونەوە بە دانی دروشمی جۆراجۆر بەردەوامە.

بەپێی ئەو گرتە ڤیدیۆیانەی کە لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکاندا بڵاو کراونەتەوە، ئەو ناڕازییانە دروشمی وەک: "هەموومان برسین، هیچ کەسێک کارمان پێ نادات، بایەخمان پێ نادرێت، ئێمە کارمان دەوێت، هەژار و برسین و ئێمە مافی خۆمان دەوێت"یان وتووەتەوە.

ڕێکخراوی مافی مرۆڤی "کاروون"، ڕۆژی دووشەممە ٩ی خەرمانان، لە ڕاپۆرتێکدا لەو پێوەندییەدا ڕایگەیاند کە هێزە چەکدارەکانی ڕێژیمی کۆماری ئیسلامی بە بەکارهێنانی توندوتیژی و تەقەی ڕاستەوخۆ وڵامی کۆبوونەوەی ناڕەزایەتیی لاوانی عەرەبی ئەهوازیان داوەتەوە.

بەپێی زانیارییەکان، هێزە سەرکوتکەرەکانی ڕێژیم پەنایان بردووەتە بەر توندوتیژی و سەرەڕای سەرکوتکردن و لێدانی بەشداربووانی ئەو کۆبوونەوەیە، بە تەقەی ڕاستەوخۆ هەوڵی بڵاوپێکردنی ناڕازییانیان دابوو، بەڵام هەتا ئێستا ئەو کۆبوونەوە ناڕەزایەتییە درێژەی هەیە و بەشداربووان ڕایانگەیاندووە هەتا مافی خۆمان نەستێنین، هەر بەردەوام دەبین.