کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

برینداربوونی هاووڵاتییەکی ژینگەپارێزی خەڵکی پاوە بەهۆی تەقینەوەی مین

10:31 - 12 خەرمانان 2726

بەپێی ڕاپۆرتی ڕێکخراوی مافی مرۆیی "هەنگاو"، هاووڵاتییەکی ژینگەپارێزی خەڵکی شاری پاوە لە کاتی کۆنتڕۆڵکردنی ئاگرکەوتنەوەی دارستانەکانیناوچەی سنووریی "مەڕەخێڵ"، بەهۆی تەقینەوەی مینی بەجێماو لە سەردەمی شەڕی ٨ ساڵەی ئێران و عێراقدا بەسەختی بریندار بووە.

بەپێی ڕاپۆرتی هەنگاو، ڕۆژی دووشەممە ٩ی خەرمانان، لە کاتێکدا کە کۆمەڵێک لە هاووڵاتییان و چالاکانی ژینگەپارێز بۆ کوژاندنەوەی ئاگری لەوەڕگە و دارستانەکانی ناوچەی مەڕەخێڵی پاوه ئامادە ببوون، هاووڵاتییەک بریندار بووە.

 هەتا ئێستا ناسنامەی ئەم هاووڵاتییە بڵاو نەکراوەتەوە.

پاکنەکردنەوەی ستانداردی ناوچە سنوورییەکانی پارێزگاکانی کوردستان لە مین و تەقینەوەکان، ساڵانە دەبێتە هۆی گیانلەدەستدان و کەمئەندامبوونی دەیان هاووڵاتی، چالاکانی ژینگەپارێز و کۆڵبەران.

ڕێژیمی کۆماری ئیسلامیی ئێران سەرەڕای تێپەڕبوونی دەیان ساڵ بەسەر کۆتایی شەڕی ٨ ساڵەدا، نەک بە بەڵێننامە نێودەوڵەتییەکانی خۆی بەنیسبەت پاککردنەوەی تەواوی ئەم ناوچەیە و بەکارهێنانی کەلوپەلی پێشکەوتوو دەروەست نەبووە، بەڵکوو ساڵانە لە هەوڵی چاندنی مین و تەقینەوەکان لەو ناوچانەدایە.