کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

پڕۆسەی یەکخستنەوەی هێزەکانی پێشمەرگەی هەرێمی کوردستان سەرکەوتووانە کۆتایی پێهات

11:58 - 31 خەرمانان 2726

لە دوای هەوڵی چڕوپڕ و بەردەوامی سەرکردایەتیی حیزبەکانی باشووری کوردستان، سەرکەوتووانە هێزەکانی پێشمەرگەی هەرێمی کوردستان تێکەڵ کرانەوە و لەژێر فەرماندەیی وەزارەتی پێشمەرگەی هەرێمی کوردستاندا ڕێکخران.

ڕۆژی دووشەممە ٣٠ی خەرمانانی ١٤٠٥، بە سەرپەرستیی بەڕێزان نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان؛ مەسروور بارزانی، سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان و شۆڕش ئیسماعیل، وەزیری پێشمەرگە؛ بە فەرمیی ڕێوڕەسمی یەکخستنی تەواوەتیی هێزی پێشمەرگەی هەرێمی کوردستان بەڕێوە چوو.

کاک نێچیروان بارزانی سەرۆکی هەرێمی کوردستان بەو بۆنە مێژووییەوە ڕایگەیاند: "یەکخستنەوەی هێزەکانی پێشـمەرگە، هەنگاوێکی نیشتمانی گەورەیە لە کاروانی بونیادنانی دامەزراوەکانی هەرێمی کوردستاندا".

ناوبراو جەختی کردەوە کە "کوردستان پێویستی بەیەک هێز، یەک وەزارەت، یەک فەرماندە هەیە، دەبێت پێشمەرگە هێزێکی نیشتمانی دوور لەدەستێوەردان و ناکۆکیی حیزبی بێت".

هاوکات، کاک مەسروور بارزانی، سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان لەو ڕێوڕەسمەدا ڕایگەیاند: پێشمەرگە تەنیا هێزێکی چەکداری سەربازی نییە، بەڵکوو سیمبولی خەبات و قوربانیدان و ناسنامەی تێکۆشانی خەڵکی کوردستان و مایەی شکۆ و شانازیی هەموو کوردستانییەکە".

هەروەها ناوبراو ڕایگەیاند "ئەم یەکگرتنەوەیە، قۆناخ و هەنگاوی یەکەمی پڕۆسەیەکی دوور و درێژە و قۆناخی داهاتوو زۆر گرنگترە، کە قۆناخی بەهێزکردنی توانا سەربازییەکان و دابینکردنی چەکی پێشکەوتوو و بەرگریی ئاسمانی و پەرەپێدانی تواناسازی و پێشخستنی هەمەلایەنەی پێشمەرگەیە".

هەر لەو پێوەندییەدا، قوباد تاڵەبانی، جێگری سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان ڕایگەیاند: "کوردستانییان دڵنیا دەکەینەوە بە هەموو توانامانەوە پشتیوانی وەزارەتی پێشـمەرگە دەبین و کار دەکەین بۆ ئەوەی دووریان بخەینەوە لە هەر چەشنە دەستێوەردانێکی سیاسی و حیزبی".

هەروەها، شۆڕش ئیسماعیل، وەزیری پێشمەرگەی هەرێمی کوردستان ڕایگەیاند؛ "پرۆسەی یەکگرتنەوەی هێزەکانی پێشمەرگە لەژێر چەتری نیشتمانی و سەرکردایەتیی وەزارەتی پێشمەرگەدا، بە سەرکەوتوویی و بە شێوازێکی سەردەمیانە کۆتایی هاتووە".

لە ئەنجامدا هێزەکانی پێشمەرگە لە ١١ فیرقەی سەربازی، دوو هێزی پشتیوانی، یەکەی کۆماندۆ و دوو دەڤەری سەربازیدا ڕێک خرانەوە.