کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

لە ترسی راپەڕینی نوێ؛ بەرپرسی دەزگای دادوەریی ڕێژیم هەڕەشەی سەرکوت لە خەڵک دەکات

10:24 - 10 خەرمانان 2726

لە هەنگاوێکدا کە ترسی ڕێژیم لە سەرهەڵدانەوەی راپەڕینی شەقام دەردەخات، بەرپرسی دەزگای بەناو دادوەریی کۆماری ئیسلامی بە ئاشکرا هەڕەشەی سەرکوتکردنی خوێناویی لە هاووڵاتییانی ناڕازی کرد.

غوڵامحوسێن موحسێنیی ئێژەیی بە ئاشکرا هەڕەشەی کردووە کە هێزە ئەمنییەتی و سەربازییەکان لە بەرزترین ئاستی ئامادەییدان و لە ئەگەری بەشداری لە هەر خۆپیشاندانێکدا، وڵامێکی سەخت و زۆر توندتر لە پێشوویان پێ دەدرێتەوە.

ئەو بەرپرسە سەرکوتکارەی ڕێژیم لە ئێستاوە هەر خۆپیشاندانێکی بە وڵاتانی دوژمن بەستەوە تا ڕێگە بۆ سەرکوت و سێدارەی زیاتر خۆش بکات.

ئەم هەڕەشانە هاوکاتن لەگەڵ هۆشداریی ئیتلاعاتی سپای تێرۆریستیی پاسداران کە هاووڵاتییان بە هەوڵدان بۆ قۆستنەوەی قەیرانی ئابووری و داڕمانی بەهای تەمەن تۆمەتبار دەکات.

ئەم ترسەی بەرپرسانی ڕێژیم لەکاتێکدایە کە نرخی دۆلار ٢١٠ هەزار تەمەنی تێپەڕاندووە و نرخی بەنزینیش دووقات بووەتەوە.

پاییزی ساڵی ڕابردوو کاتێک دۆلار گەیشتە ١٦٠ هەزار تەمەن، شەپۆلێکی سەرانسەری لە خۆپیشاندان سەرانسەری ئێرانی گرتەوە کە ڕێژیم لە ١٨ و ١٩ی بەفرانباردا بە خوێناویترین شێوە سەرکوتی کرد.

لەلایەکی دیکەوە، لەگەڵ توندتربوونی گەمارۆ نێودەوڵەتییەکان و گوشاری ئابووری، ڕێژیم بۆ دروستکردنی کەشی ترس و تۆقاندن، جێبەجێکردنی سزای لەسێدارەدانی خێراتر کردووە؛ بەشێوەیەک کە ڕێکخراوی مافی مرۆڤی ئێران بڵاوی کردووەتەوە لە سەرەتای ئەمساڵەوە تا ئێستا لانیکەم ٥٢٢ کەس لەسێدارە دراون.