یەکیەتیی پیشەیی مامۆستایانی کوردستانی ئێران ڕاپۆرتی ساڵانەی پێشێلکاریی مافی مامۆستایان و قوتابییانی کوردستان و ئێرانی بڵاو کردەوە کە تێیدا ئاماژەی بە دەسبەسەرکردنی ٣١٥ قوتابی و ٥٩ مامۆستای لە ساڵی خوێندنی ١٤٠٤ــ ١٤٠٥ لە ئێراندا کردووە.
لەو ڕاپۆرتەدا هاتووە کە "لە بەرەبەرەی دەستپێکی ساڵی خوێندنی ١٤٠٥–١٤٠٦، قوتابخانەکانی ئێران جارێکی دیکە لە بارودۆخێکدا بە ڕووی قوتابییاندا دەکرێنەوە کە لە پشت بەشێک لە مێزە بەتاڵەکاندا، چیرۆکی دەسبەسەرکردن، سزادران، سەرکوتکردن و لە هەندێک حاڵەتدا گیانلەدەستدانی منداڵان و مێرمنداڵان لە ئارادایە".
لەو ڕاپۆرتەدا باس لە دۆخی بنەماڵەکان کراوە و نووسراوە "زۆرێک لە بنەماڵەکان ڕووبەڕووی بەرزبوونەوەی تێچووی خوێندن و دژوارتربوونی دابینکردنی پێداویستییە پەروەردەیییەکانی منداڵەکانیان بوونەتەوە".
لەر ڕاپۆرتەدا ئاماژە بەوەش کراوە کە "لە سەرەتای پاییزی ١٤٠٤وە تا سەرەتای پاییزی ١٤٠٥، لانیکەم ٣١٥ منداڵی خوار ١٨ ساڵ و ٥٩ مامۆستای وانەبێژ، مامۆستای خانەنشینکراو و مامۆستای زانکۆ لەلایەن ناوەندە سەرکوتکەرەکانی ڕێژیمەوە دەسبەسەر کراون".
بەپێی ئەو ڕاپۆرتە، لە ماوەی ئەم یەک ساڵەدا، لانیکەم ٨ منداڵ و قوتابی و ١٦ مامۆستای قوتابخانە و مامۆستای زانکۆ سزای زیندانیکردنیان بەسەردا سەپێنراوە.
ئەوەش لەکاتێکدایە کە لە ڕەوتی سەرکوتکردنی ناڕەزایەتییەکانی مانگی بەفرانباری ١٤٠٤دا چەندین منداڵی قوتابی بە تەقەی ڕاستەوخۆی هێزە سەرکەتکەرەکانی ڕێژیم، گیانیان لەدەست داوە.
شایانی باسە لە کۆی ٣١٥ قوتابیی دەسبەسەرکراو، ٣٠ کەسیان کچ و ٢٨٥ کەسی دیکەشیان کوڕ بوون.
بە گوێرەی زانیارییەکانی یەکیەتیی پیشەیی مامۆستایانی کوردستانی ئێران، لە ڕووی شوناسی نەتەوەییەوە، ٨٨ منداڵی کورد، ٣٦ منداڵی فارس، ٣٠ منداڵی لۆر، ٢٤ منداڵی بەلووچ، ٦ منداڵی عەرەب، ٣ منداڵی تورک، ٢ منداڵی گیلەک و ١ منداڵی تورکمان تۆمار کراوە. ١٢٥ منداڵی دیکەش شوناسی نەتەوەییان دیاری نەکراوە.