کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

ئازەربایجان هێڵە ئاسمانییەکانی ڕێژیمی ئێرانی ڕاگرت؛ سزاکانی ئەمریکا بازنەکە تەنگتر دەکات

13:12 - 1 رەزبەر 2726

لە دوای هۆشداریی ئەمریکا بە وڵاتانی جیهان لەمەڕ هاوکارینەکردنی هێڵی فڕۆکەوانیی ڕێژیمی کۆماری ئیسلامی، ئاژانسی دەوڵەتیی فڕۆکەوانیی کۆماری ئازەربایجان لە ڕاگەیەندراوێکی فەرمیدا، ڕاگرتنی تەواوی گەشتە ئاسمانیی شیرکەتە فڕۆکەوانییەکانی ئێرانی بۆ ئەو وڵاتە ڕایگەیاند.

ناوەندێکی چاودێریی ئاژانسی فڕۆکەوانیی کۆماری ئازەربایجان بە دەرکردنی ڕاگەیەندراوێکی فەرمی ڕایگەیاند کە "ئەم بڕیارە لە دوای سەپاندنی سنوردارکردنەکانەوە لە ئاکامی سزای نوێی ئەمریکا دژی پیشەسازیی فڕۆکەوانیی کۆماری ئیسلامی گیراوەتەبەر و هێڵە ئاسمانییەکانی ئێران ئیتر مۆڵەتیان نییە گەشت بۆ ئازەربایجان ئەنجام بدەن".

پێشتر هەرکام لە تورکیە، گورجستان و هەندێک لە وڵاتانی عەرەبیی ناوچەکە وەک عێراق و عومان بەفەرمی ڕاگرتنی گەشتە فڕۆکەوانییەکانی کۆماری ئیسلامییان بۆ ئەو وڵاتانە ڕاگەیاندبوو.

هەوڵی نوێی سزاکانی ئەمریکا دژی پیشەسازیی هەوافەزای کۆماری ئیسلامی لە یەکەم ڕۆژی مانگی ڕەزبەرەوە، بە ئامانجی پچڕانی تەواوی هێڵە ئاسمانییەکانی ئێران بۆ وڵاتانی دەرەوە خراوەتە بواری جێبەجێکردنەوە.

سکات بێسێنت، وەزیری خەزێنەداریی ئەمریکا، ڕایگەیاند کە هەموو هێڵە ئاسمانییەکانی کۆماری ئیسلامی لە یەکەم ڕۆژی پاییز واتا ئەمڕۆ ١ی ڕەزبەرەوە دادەخرێن و وتیشی "پێشکەشکردنی خزمەتگوزاری بە فڕۆکەکانی هێڵی ئاسمانیی ئێران دەکەوێتە بەر مەترسیی گەمارۆ دووەمییەکانی ئەمریکاوە".