سعوودیە وەگەڕخستنەوەی هێڵی بۆڕیی ستراتێژیی «ڕۆژهەڵات بۆ ڕۆژاوا»ی ڕاگەیاند، کە ڕێگە دەدات نەوت بەبێ تێپەڕبوون بە گەرووی هۆرمۆزدا بگوازرێتەوە. ئەم هەنگاوە بووە هۆی دابەزینی نرخی جیهانیی نەوت.
سووڕانی نەوت لەم هێڵە ١٢٠٠ کیلۆمەترییەدا کە ناوچە نەوتییەكان دەبەستێتەوە بە بەندەری «یونوبەع» لە دەریای سوور، دوای هێرشە پەهپادییەکانی ٢٠ی خەرمانان ڕاوەستابوو. ئارامکۆ هەوڵ دەدات ئاستی گواستنەوە بگەیەنێتەوە ٤ ملیۆن بەرمیل لە ڕۆژێکدا، هەرچەندە گەڕانەوەی هەمووی، چەند حەفتەیەکی دەوێت.
ئەم هەواڵە دەستبەجێ کاریگەریی لەسەر بازاڕ دروست کرد؛ نرخی نەوتی برێنت زیاتر لە دوو دۆلار دابەزی و گەیشتە دەوروبەری ٩٧ دۆلار بۆ هەر بەرمیلێک.
جگە لەمە، بڵاوبوونەوەی هەواڵەکان سەبارەت بە ئامادەییی کۆماری ئیسلامی بۆ ڕێگەدان بە هاتوچۆ لە گەرووی هۆرمۆز لە ئەگەری کەمبوونەوەی گوشارە سەربازییەکانی ئەمریکا، کەشوهەوای بازاڕی بەرەو ئارامی بردووە و هیوای زیادبوونی خستنەڕووی نەوتی لە جیهاندا بەهێزتر کردووە.