کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

دیاردەی تیزاوپژاندن لە ئێران بەردەوامە

13:49 - 1 رەزبەر 2726

بەپێی ڕاپۆرتێکی ڕۆژنامەی "شەرق"، دیاردەی تاوانی تیزاوپژاندن لە ئێران بەردەوامە و ئەنجومەنی پاڵپشتی لە قوربانییانی تیزاوپژاندن ئاشکرای کردووە کە هێشتا دۆسییەی نوێیان ڕادەست دەکرێت. قوربانییان دوای هێرشەکان ڕووبەڕووی جەستەیەکی تێکچوو، نەشتەرگەریی بەردەوام، تێچووی زۆری چارەسەری، لەدەستدانی شوێنی کار و پەراوێزخرانی کۆمەڵایەتی دەبنەوە.

موحسین مورتەزەوی، ئەندامی دەستەی بەڕێوەبەریی ئەنجومەنەکە ئاماژەی بەوە کردووە کە بەهۆی چڕبوونەوەی بنکە تەندروستییە تایبەتمەندەکان لە تاران، زۆرێک لە قوربانییان لە شارەکانی دیکەوە ڕوو لە پایتەخت دەکەن. کەسانی زیانلێکەوتوو ڕوونیان کردووەتەوە کە جگە لە ئازاری جەستەیی، قوربانییان و بنەماڵەکانیان بەهۆی تێچووی قورسی دەرمانەوە ناچار بە فرۆشتنی ماڵ و موڵكی خۆیان دەبن؛ بە شێوەیەک کە لە هەندێک حاڵەتدا منداڵەکانیان لە خوێندن بێبەش دەبن و ناتوانن بژێوی ژیانیان دابین بکەن.

ئەمە لەکاتێکدایە کە ڕێکخراوی پزیشکی دادوەریی ڕێژیمی ئێران پێشتر ڕایگەیاندبوو ئامارێکی ورد لەسەر تیزاوپژاندن لەبەر دەستدا نییە، چونکە ئەم دۆسییانە لەبری تیزاوپژاندن بە ناونیشانی "سووتاوی" تۆمار دەکرێن.