چوار ڕێپۆرتێری تایبەتی نەتەوە یەکگرتووەکان، وێڕای مەحکوومکردنی کوشتنی بەئەنقەستی کوڵبەرە کوردەکان و سووتەمەنیبەرە بەلووچەکان، داوایان لە بەرپرسانی ڕێژیمی ئێران کرد کە کۆتایی بەم کوشتارانە بهێنن و سەبارەت بە هەر حاڵەتێکی گیانلەدەستدان بەهۆی کردەوەکانی هێزە چەکدارەکانەوە، لێکۆڵینەوەی سەربەخۆ ئەنجام بدەن.
ئەم ڕێپۆرتێرانە لە بەیاننامەیەکدا کە لە یەکەم ڕۆژی پاییزدا لە ژنێڤ بڵاو کراوەتەوە، کوڵبەر و سووتەمەنیبەرەکانیان وەک یەکێک لە هەژارترین توێژە ئابوورییەکانی ئێران پێناسە کرد؛ ئەو کەسانەی کە بۆ دابینکردنی بژێوی ژیانی خێزانەکانیان و بەهۆی کەمیی بژاردەکانی کارەوە، لە ناوچە سنوورییەکاندا بار و سووتەمەنی دەگوازنەوە.
هەروەها ئەو شارەزا یاساییانە جەختیان کردەوە: «ئەو کۆڵبەر و سووتەمەنیبەرانە دەبێت نرخ و بەهای ئەم هەژارییە بە گیانی خۆیان بدەن».
مای ساتۆ، ڕێپۆرتێری تایبەتی دۆخی مافەکانی مرۆڤ لە ئێران؛ مۆریس تیدباڵ-بینز، ڕێپۆرتێری تایبەتی «لەسێدارەدانی دەرەوەی دادگا، خێرا و سەرەڕۆکان»، ئێلینا کارۆلینا دیاز گالان، ڕێپۆرتێری تایبەتی «هەژاریی لەڕادەبەدەر و مافەکانی مرۆڤ»، و نیکۆلا لۆرا، ڕێپۆرتێری تایبەتی «کاروباری کەمینەکان»، واژۆکەرانی ئەم بەیاننامەیەن.
بەپێی ڕاپۆرتی ئەو چوار ڕێپۆرتێرە، لە ١١ی بەفرانباری ١٤٠٤وە هەتا ئێستا، لانیکەم ١٢ کوڵبەر بەهۆی تەقەی هێزە چەکدارەکانی ڕێژیمەوە کوژراون.
ئەم شارەزایانە سەبارەت بە بارودۆخی سووتەمەنیبەرە بەلووچەکانیش هۆشدارییان دا و باسیان لە ڕەوتێکی هاوشێوە کرد.
بە پشتبەستن بە ڕاپۆرتەکان، لە ١١ی بەفرانباری ١٤٠٤وە تا ٩ی خەرمانان، لانیکەم ١٣ سووتەمەنیبەر لە ڕێگەی تەقەکردن، ڕاوەدوونان و هەڵسوکەوتەکانی تری هێزە چەکدارەکانی ڕێژیمەوە کوژراون.
واژۆکەرانی ئەم بەیاننامە نوێیە، کوژرانی کوڵبەر و سووتەمەنیبەرەکانیان بە بەشێک لە ڕەوتێکی بەرفراوانتر لە کوشتنی نایاسایی بە دەستی هێزە چەکدارەکانی ڕێژیمی ئێران زانی.
ئەوان جەختیان کردەوە کە ڕێژیمی کۆماری ئیسلامی ناچارە سەبارەت بە هەر یەکێک لەم گیانلەدەستدانانە لێکۆڵینەوەیەکی خێرا، سەربەخۆ و بێلایەن ئەنجام بدات و مافی خێزانەکان بۆ ئاشکراکردنی ڕاستییەکان، بەدواداچوونی بەرپرسان و قەرەبووکردنەوەی زیانەکان مسۆگەر بکات.
شایانی باسە کورد و بەلووچ لە نەتەوە بندەست و چەوساوەکانی ئێرانن کە ڕێژیمە لە دوای یەکەکانی ئێران بەتایبەت ڕێژیمی کۆماری ئیسلامی، سیاسەتی هەژارکردن، قڕکردن، برسیکردن و چەوسانەوەیان لە دژیان گرتووەتە بەر و چەندین ستەمیان وەک ستەمی نەتەوەیی، سیاسی، ژینگەیی و دارایی و … بەسەریاندا سەپاندووە و ئەم دوو نەتەوەیان لە سەرەتاییترین مافەکانیان بێبەری کردووە.