بانکی ناوەندیی ئێماراتی یەکگرتووی عەرەبی لە هەنگاوێکی گرنگدا بڕیاری دا چالاکییە دارایییەکانی لقی بانکی میللیی ئێران لە وڵاتەکەیدا سنووردار بکات. بەپێی ڕاگەیەندراوێکی فەرمیی ئەم ناوندە، سەرجەم مامەڵە دارایییەکان و گواستنەوەی پارە لە نێوان ئێمارات و ئێران، بەتایبەت لایەنی دابینکردنی سەرمایە بۆ بازرگانیی پەیوەندیدار بە تارانەوە، بەتەواوی قەدەغە کران.
هۆکاری سەرەکیی ئەم ڕێکارە نوێیانەی ئێمارات بۆ پێشێلکارییەکانی بانکی میللی لەهەمبەر یاساکانی ڕووبەڕووبوونەوەی سپیکردنەوەی پارە، ڕێگری لە دابینکردنی دارایی بۆ تێرۆریزم و بەرەنگاربوونەوەی بڵاوبوونەوەی چەک دەگەڕێتەوە. هەرچەندە تا ئێستا فەرمانی داخستنی تەواوەتیی لقی ئەم بانکە دەرنەکراوە، بەڵام ئەم بڕیارە زیانێکی گەورە بە تۆڕی ئابووریی تاران دەگەیەنێت.
ئەم پاشەکشەیەی سیستەمی بانکیی ئێران هاوكاتە لەگەڵ توندتربوونی گوشارە نێودەوڵەتییەکان و ئاگادارکردنەوەکانی وەزارەتی خەزێنەداریی ئەمریکا بۆ سەپاندنی سزای نوێ بەسەر ئەو ناوەندە داراییانەی لەگەڵ سپای پاسداران مامەڵە دەکەن، کە ئامانج لێی بڕینی دەستڕاگەیشتنیان بە سیستەمی ئاڵوگۆڕی دۆلارە.